ئاشكرا و روونە كە دەزگای داواكاری گشتی رۆڵێكی زۆر گرنگی هەیە لە پێشخستنی كاروباری دادوەری و رێڕەوی یاسا، لە یاسا كۆنەكاندا ئاماژە بە داواكاری گشتی كراوە، لە عێراق بۆ یەكەم جار پیشەی داواكاری گشتی لە یاسای بنەما سزاییەكانی عوسمانی لە ساڵی 1879 دەركەوت ئەو كاتەی عێراق لە لایەن عوسمانییەكانەوە داگیركرا، ئەوسا ئەم یاسایەش لە ژێر كاریگەری یاسای فەرەنسی بوو، لەو سەردەمەدا چەند داواكارێكی گشتی و لێكۆڵەرەوەی دادی و یاساناسێك دامەزران، لە كاتی داگیركردنی عێراقیش لە لایەن وڵاتی بەریتانیاوە سەرۆكی بەریتانی یاسای بنەما سزاییەكانی بەغدای لە ساڵی 1918 دانا و جێگەی بنەما سزاییەكانی عوسمانی گرتەوە، پاشان لە ساڵی 1931 یاسای بنەما سزاییەكانی بەغدای بە ژمارە 42 ی ساڵی 1931 دەرچوو و لە رێیەوە فەرمانگەی داواكاری گشتی دروستكرا كە سەر بە وەزارەتی داد بوو، لە ساڵی 1971 یاسای بنەما سزاییەكان بە ژمارە 23 دەرچوو كە بەشێكی تایبەت بوو بە كاری داواكاری گشتی و تایبەتمەندییەكانی بەڵام بە پێی پێویست نەبوو هەربۆیە لە ساڵی 1979 یاسای داواكاری گشتی بە ژمارە 159 دەرچوو، لە دەرەنجامی ئەو گۆڕانكارییانەش كە روویاندا لەسەر ئاستی سیاسی و كۆمەڵایەتی كە پێویستی بەوە هەبوو یاساكانیش لەگەڵیاندا بگۆڕدرێن، هەر بۆیە لە ساڵی 2006 لەلایەن سەرۆكایەتی داواكاری گشتییەوە یاسای داواكاری گشتی هەمواركرا بە ژمارە 10 ی ساڵی 2006 كە تیایدا باس لە گرنگی داواكاری گشتی كرا .
ئەركەكانی داواكاری گشتی زۆرن و كاریگەریی راستەوخۆ و ئەرێنییان هەیە لەسەر ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و جێگیركردنی دادپەروەری و بنەما مرۆییەكان، لە چەسپاندنی دیموكراتی و بەرز ڕاگرتنی بەرژەوەندی باڵای گەل و نیشتیمان و پارێزگاری سەرو ماڵی خەڵكی، لە رێی داواكاری گشتییەوە یاسا رێڕەوی راستەقینەی خۆی وەردەگرێ و شانبەشانی دادگا هەوڵدەدا تاكەكانی كۆمەڵگا مافەكانی خۆیان وەربگرنەوە و یاسا سەروەر بێت، واتا هەوڵدەدا كێشەكان بەخێرایی یەكلاببنەوە و تا دەتوانرێت نەهێڵێت داواكان دوا بخرێن بە تایبەتیش لەو تاوانانەی كە دژی ئاسایشی دەوڵەت و سیستەمە دیموكراتییەكەین، لەلایەكی تر داواكاری گشتی وەكو چاودێرێك وایە بەسەر ئەو بڕیار و سزایانەی كە بە گوێرەی یاسا لە دادگاكانەوە دەردەچن تا بەراوردیان بكات لەگەڵ رادەی تاوانەكە و گونجاندنی لەگەڵی، هەروەها داواكاری گشتی رۆڵێكی ئێجگار زۆری هەیە لە پارێزگاری مناڵ و خێزان بە تایبەتی لەو تاوانانەی كە تیایدا مناڵ و خێزان دەبنە قوربانی ئەمە جگە لەوەی كە لە هەندێك حاڵەتدا تاوان لە لایەن مێرد مناڵ و ژنەوە ئەنجام دەدرێ رۆڵی داواكاری گشتی لەوا بەدەر دەكەوێت كە خوێندنەوەی خۆی هەبێت بۆ ئەم كێشە و داوانە.
بێگومان وەختێك داواكاری گشتی رۆڵی خۆی بە باشی دەبینێت كە دادگاكان سەربەخۆیی خۆیان هەبێت و شەرعییەتی خۆیان لە دەستورەوە وەرگرتبێت، ئەمەش تەنها بە شێوەیەكی تییۆری نابێت بەڵكو تا چەند ئەو یاسا و بڕیارانە دەچنە قاڵبی جێبەجێكردنەوەوە لە واقیعدا سازدەبێ.
ئەوەی جێی سەرنجە سەرباری ئەو رۆڵە گرنگەی كە داواكاری گشتی هەیەتی، كەچی لە هەرێمی كوردستان هێشتا داواكارانی گشتی نەیانتوانیوە بە تەواوی رۆڵی خۆیان بگێڕن و دەزگای داواكاری گشتی ئەو سەربەخۆ و كاریگەرییەی كە پێویستە كەینونەی بێت بەو شێوەیە نیە، ئەمە جگە لەوەی كە ئێمە لە قۆناغێكداین بۆ پاراستنی دەستكەوتە نیشتیمانی و نەتەوەییەكانمان و سەروەریێتی یاسا و داكۆكیكردن لە مافەكانی تاكەكانی كۆمەڵگاكەمان و چەسپاندنی بنەماكانی دیموكراتی چاوەڕوانی زۆرترین لە داواكارانی گشتی .
|