جۆزیف ولبی ساڵی 1915 لە خانەوادەیەكی جولەكە لەدایك بووەو ژیانی منداڵی لە رۆژهەڵاتی یەكێتی سوڤیەت بەسەربردووە، داپیرەی زۆر گرنگی بە ولبی داوە بۆ ئەوەی ئەم ئایینەی خۆیان بەگرنگ وەربگری، چونكە ئایینەیان كاریگەری زۆری بەسەر ئەم خانەوادەیە هەبووە، بۆیە كتێبێكی زۆری دەربارەی ئاینەكەی خۆیان خوێندۆتەوەو بەردەوام حەزی كردووە گفتوگۆ لەسەر ئەم ئایینەو فەلسفەی ئایینەكە بكات، لەتەمەنی بیست ساڵی دەستی بەخوێندنەوەی كتێبەكانی فەیلەسوفی فەرەنسی (ئەمانوئێل كانگ) كردووەو زۆرەەوڵی داوە ئەم بیرە فەلسفییانە بكاتە یەك كە لە نێوان دەروون ولەشدایە، كە لە لای ئەم جیاوازیەكی زۆری هەیە.
لەدوایدا ولبی كتێبەكانی فرۆیدی خوێندۆتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە لەگەڵ بیركردنەوەكانی خۆی نەدەگونجا لە كتێبەكانی فرۆیدیش دووركەوتەوە، پاشان هەوڵی دا چەند تیۆرێك بدۆزێتەوە و چەند داهێنانێكی كرد، بەڵام زۆرێك لە زاناكان باوەڕیان بە داهێنان و تیۆرەكانی نەكرد، بۆیە ئەمەش وای لە جۆزف كرد زیاتر بە تاقیكردنەوەكان كاریگەر بێت، نەك بە تیۆر، لەساڵی 1945 چەند كەس و زانای دیكەی ناسی، پاشان دەستی كرد بە خوێندنەوەی كتێب و تێۆرەكانی كلارك هیلی، بەڵام لەگەڵ ئەمانەش هاوڕا نەبوو.
لە ساڵی 1948 بڕوانامەی پزیشكی لەكۆلیژی (ویت وترستراند)ی باشووری ئەفریقیا وەرگرتووە، پاشان لە هەمان كۆلیژ وانەی گوتووەتەوە، كتێبەكانی ئیڤان بافلوفی رووسی كاریگەری زۆری لەسەر ئەم زانایە هەبووە، لەدوایدا لەسەر كۆئەندامی دەماری ئاژەڵ و ئادەمیزاد تاقیكردنەوەی كردووە، بۆ ئەمە چەند تاقی كردنەوەیەكی لەسەر پشیلە كرد، بۆی دەركەوت و بینی كە ئەم گیانلەبەرە برسی بوو چۆن هەڵچوون و گرژی رووی تێدەكات، بەڵام كە خواردنیان بۆ هێنا گەش دەبێتەوەو بەرەو خواردنەكە دەچێت، ئەو رێگایەی كە جوزیف ولبی بۆچارەسەری دەروونی كاری لەسەر دەكرد ناوی لێنا بوو (گریقە الكف بالنقیچ)، بۆیە سەرەتا تاقیكردنەوەی لەسەر سەگ كرد كە زەنگی بۆ ئەو لێدەدا سەگەكە زۆر بەخێرایی بەدوای دەنگی زەنگەكە دەهات هەستی ئەوەی لەلا دروست ببوو كەبانگ دەكرێ بۆ هەواڵێكی خۆش، ئەویش خواردن بوو، توانی فێری ئەوەی بكا كە هەركات زەنگی بۆ لێدرا مانای ئەوەیە كەبانگی دەكات، دواتر بۆگیاندارەكانی تریش هەمان كاری ئەنجام دا و توانی ئەم جارەیان بۆ مرۆڤـ تاقی كردنەوەی دیكە بكات، لەبەر ئەمانەش گەیشتە ئەو ئەنجامەی كە لەناو مێشكی مرۆڤ و گیاندارەكان گەلێ چالاكی هەیە و بەهۆی گۆڕانكاری و كارەكانی ئەو كەسە ئەوانیش گۆڕانكاریان بەسەر دێت، بۆیە زۆر جار كە تاقیكردنەوەی دەكرد منداڵ و مشكی سپی و كەروێشكی بەنموونە دەهێنایەوەو تاقیكردنەوی لەسەر دەكردن، پاشان ئەوانی دیكەی تاقی دەكردەوە، ئەمانەش وای لە ولبی كرد چەند رێگایەك بۆچارەسەری دەروونی بەكاربهێنێ:
1.چاولێكەری (لاسایی كەرەوە)
ئەمە بریتییە لەو پەیوەندیەی كە پێویستە لەنێوان كەسی نەخۆش و پزیشكدا بە بەردەوامی هەبێت، بۆ ئەوەی پزیشكەكە ئاگاداری گشت لایەنە دەروونییەكانی ئەم نەخۆشە بێت، هاوكات پێویستە پزیشك ماویەكی زۆر لەگەڵ ئەم نەخۆشەدا بێت تا بۆی روون بێتەوە، پاشان هۆكاری نەخۆشییەكە دەستنیشان بكات و چارەسەری دەروونی بۆ بدۆزێتەوە، ئەم جۆرە لە جۆری تەقلید و كلاسیكی بوو، بۆیە دواتر ئەم رێگایە بەكارنەهات، چونكە شێوازێكی كۆن بوو بۆ چارەسەرییەكی دەروونی.
2. شێوازێكی تر پشت دەبەستێ بە(مەشق)، پێویستە مەشقكردن بۆ ئەو نەخۆشە ئەنجام بدرێ، مەشق پێكردنەكەش بریتییە لە رووبەڕوو بوونەوەی ئەو شتانەی كە دەیبینێ یا لێی دەترسێت، بۆ ئەوەی پزیشكەكە بیگەیێنێتە دڵنیاییەك كە ئەمانە شتی ترسناك نین رەنگە تەنیا لە لای ئەو بەم شێوە ببینرێن، واتە وای لێبكرێت كە هیچ هۆكارێك نییە تا بیترسێنێ، بۆیە رێگای وای بۆ دادەنێ كە بڕوای نەمانی نەخۆشیەكەی لە لا دروست بێت، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە كە ئەم نەخۆشە نەتوانێ بەرگەی ئەو تاقیكردنەوانە بگرێت، بۆیە لەگەڵ ئەم چارەسەرییە دەبێت شێوازی دیكە باشتر لەمەی باسمان كرد بەكاربێت، تاكو پزیشك بتوانێ بەهێواشی ئەم دوو دڵیە لەلای نەخۆشەكە كەم بكاتەوە .
3. تاقی كردنەوەی دەرمان و بەكارهێنانی بۆ نەخۆش، لەمانەش (ڤالیۆم) كەبەهۆی پشودانی زۆرەوە دوودڵی دەڕەوێنی.
4.هەندێك جار رێگایەكی دیكەی خاوكردنەوەو پشوودانی نەخۆشەكە بەكارهاتووە، ئەویش بە (خەواندنی موگناتیسی_تنویم المغناتیسی).
بۆ وردبوونەوەو تێڕامان لە داهێنان و بیركردنەوەو كارەكانی ولبی دەتوانین رەفتاری دەروونی بۆ چارەسەرییەكان بەم شێوەیەی دابڕێژین:
ا- پزیشكەكە وشەیەكی وا هەڵبژێرێت كە بەدڵی نەخۆشەكە بێت.
ب- پزیشك نابێ پەلە لەمەشق كردن بكات.
ج- پێویستە پزیشك ئەوە بزانێت كە ئەو دەرمانەی بۆ نەخۆشەكەی داناوە تا چەند سوودی لێوەردەگرێ.
د- دەبێ نەخۆشەكە پاش چارەسەری پزیشك ئەو خواردنە بخوا كە پزیشكەكە بۆی داناوە، چونكە ئامانجی پزیشكەكە دووركەوتنەوەی نەخۆشەكەیە لە دوودڵی و نەخۆشی دیكە.
ح- دەبێ پزیشكەكە بزانێ كەنەخۆشەكە كاتێك پاڵكەوتووە چاوی كراوەتەوە یان داخراوەو خەوتووە، چونكە باشترین جۆر بۆ نەخۆشییە دەروونییەكان پاڵدانەوەیەك بێ ئەوەی چاوەكانی دابخات، ئەمەش هۆیەكە تاكو ئەو كەسە دڵخۆشبێ و پشووی تەواو بدات.
خ- پزیشك گەر زانی ئەم پاڵكەوتنەو چارەسەرییانە سوودی بۆ نەخۆش نییە، پێویستە شێوازێكی دیكە بەكاربهێنێ، دەبێ ئەوەش بزانین كە شوێن تا شوێن بۆ پشوودان جیاوازە هەندێ جار بینیومانە نەخۆش حەزدەكا لەبەر تیشكی هەتاو دابنیشێ یان لەنزیك دەریا یاخود لەناو سەوزایی جا ئەمەش دەبێ پزیشك دیاری بكات چ شوێنێك باشە.
سەرچاوەكان:
1.العلاج النفسی السلوكی/دانەرەكەی: فیصل محمد خیر الزاد.
2.الفروق الفردیە والقدرات العقلیە/ دانەرەكەی: لوتفی عەبدوالباست ئیبراهیم .
|