هەولێر نموونەی پێشكەوتنی كوردستانە
سازدانی : نه‌ژاد خۆشناو
دكتۆر سالم ساجوانی سەرۆكی لێژنەی ئابوری لە ئەنجومەنی شورای سەڵتەنەی عومان لەم دیمانەیەیدا لە پێشكەوتن و خاسیەتەكانی بوژانەوەی هەرێمی كوردستان دەدوێت و هەولێریش بە نمونەی پێشكەوتنی هەرێم ناودەبات.
تاوی كۆمەڵایەتی: چۆن دەڕوانیە هەرێمی كوردستان لە رووی پێشكەوتن و گەشەی ئابوری؟
د.ساجوانی: هەرێمی كوردستان پێشكەوتنی زۆری پێوە دیارە، پێویستە ئەزمونی هەرێمی كوردستان بەسەر سەرجەم پارێزگاكانی عێراق بگشتێندرێت، كوردستان بەراستی گۆڕاوەو گەشەی كردووە، ئەمەش پەیوەندیدارە بە عەقلیەتی سیاسی سەركردە كوردكان، بوژانەوە لەرووە جیاجیاكانی هەرێم بەدیدەكرێت، وەبەرهێنان لە كوردستان هەیە، زۆر پێشكەوتووە، بەراستی شاری هەولێر نمونەی پێشكەوتنی كوردستانە، ئێوە دەتوانن ئابوری خۆتان زیاتر بەرەو پێش ببەن، زیاتر كارەكان و ئەزمونی خۆتان بەهەرمێن بكەن، ئاساییە هەموو شوێنێكی دونیاش هەرمێن بۆ پێشكەوتنی خۆی بكات، پێویستە پردی پەیوەندی لەنێوان خۆتان و وڵاتانی دەرەوە بەهێز بكەن، بەتایبەتی لە رووی وەبەرهێنان، گرنگترین خاڵیش لە كوردستان لایەنی گەشت و گوزارە، چونكە موقەویماتی گەشت وگوزارتان هەیە، ئێوە لەرێگەی گەشت و گوزارەوە دەتوانن ئابوری هەرێم بگەیەننە لوتكەو هەرێمەكەتان زیاتر بناسێنن، ئەمەش زۆر ئاسانە تەنانەت چەند هەنگاوێكی سادەی دەوێت.
تاوی كۆمەڵایەتی: دەكرێت ئەو هەنگاوانەمان بۆ باس بكەیت؟
د.ساجوانی: بۆنا.. یەكەم پتەوكردنی پەیوەندیەكانە لەگەڵ ئەو شوێنانەی كە توانای وەبەرهێنانیان هەیە، زۆر گرنگە هەوڵ بدەن وەبەرهێنەری زیاتر بێننە كوردستان، بەتایبەتی وەبەرهێنەرانی وڵاتانی كەنداو، چونكە وڵاتانی كەنداو ئێستا وەبەرهێنان لە تێكڕای جیهان دەكەن، نەخاسما شوێنێكی وەكو عیراقی هاوسێ و هەرێمی كوردستانی ئارام، چونكە گەشەی ئابوری پەیوەستە بە سەقامگیری باری ئەمن و ئاسایش و سەقامگیری سیاسی، كوردستانیش لەمانە بەدەر نییە، هەروەها چوونە دەرەوە لە بازنەی ناوخۆیی و كاركردن لەسەر ئاستی دەرەوە هەنگاوێكی گرنگە، لە لایەكی دیكە كوردستان سروشتەكەی زۆر هاندەرە بۆ وەبەرهێنان لە رووی گەشت و گوزار، دەتوانم بڵێم ئەو سروشتەی كوردستان هەیەتی، ئەو كەش و هەوایەی كوردستان لە زۆرێك لەو وڵاتانە نییە كە ئێستا لە لوتكەی پێشكەوتنی گەشتیاریدان، بەڵام لەهەرێمی كوردستان لایەنی گەشتیاری تائێستا ئەو جوڵەیەی نەكردووە، راستە ئێوە كاتی خۆی زروفی تایبەتتان هەبووە، بەڵام كاتی ئەوە هاتووە، لەرێگەی سەقامگیری و وەبەرهێنان و گەشتوگوزار و بەیاریدەی كەش و هەواو سروشتی هەرێمەكەتان خۆتان و عێراق بە جیهانی دەرەكی بناسێنن، باوەڕم پێبكە من زۆرجار تەنانەت لە بینینی دیمەنەكانی سروشتی كوردستان لە رێگەی كەناڵە ئاسمانیەكانتانەوە سەرم سوڕماوە بەرامبەر بە كوردستان، ئیدی كاتی جوڵە هاتووە، زۆر بە ئاسانیش دەتوانن ژیانی ئابوری تاكەكانتان بەرەو باشتر ببەن و كەرتی گەشتیاریش بەهێز بكەن. من لەگەڵ ئەوەم وەبەرهێنان بكەن، چونكە لەرێگەی وەبەرهێنانەوە دەتوانن هەر ناحیەیەكی كوردستان وەكو هەولێر بەرەو پێش ببەن، عێراقیش وەك ئێوە بكات وڵاتەكە تەواو دەگۆڕێت و بەرەو ئاراستەیەكی ئەرییانەی تەواو دەڕوات، وەكو بیستوشمانە سەرۆكی حكومەتی هەرێمیش هانی تەواوی وەبەرهێنان دەدات، بۆیە من لەو باوەڕەدام پاش چەند ساڵێكی كەم كوردستان بەگشتی و هەولێر بەتایبەتی لە لوتكەی شوێنە پێشكەوتوەكان دەبن.
تاوی كۆمەڵایەتی: ئەدی چۆنە ئەو تێڕوانینانەت نەبۆتە هۆی كردنەوەی كونسڵخانەی وڵاتەكەتان لە هەرێمی كوردستان؟ ئایا ئەگەر قوسڵخانەتان هەبێت پەیوەندی ئابوریشتان باشتر نابێت لەگەڵ هەرێم؟ كە ئەوكات دەتوانن ببنە بەشێكیش لە بەشدارانی رەوشی وەبەرهێنان؟
د.ساجوانی: بێگومان ئەمە رۆڵی گرنگی دەبێت و خودی خۆم بە پێویستیشی دەزانم، چونكە بەر لەدیمانەكە لێتم پرسی ژمارەی دانیشتوانتان چەندە تۆ گوتت نزیكەی 5 ملیۆن زیاترە، كەواتە بۆ قوسوڵخانە نەبێت، بەڵام من و تۆ دەكرێت ئەو پرسیارە ئاراستەی بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكانمان بكەین، چونكە من لە شورام و زۆر پەیوەندارنیم بەم كارە، بەڵام كردنەوەشی كارێكی باشەو پێویستە بەرپرس و سەركردە كوردەكان هەوڵ بۆ ئەم لایەنە بدەن و ئەوان دەست پێشخەربن لە دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بەتایبەتی وڵاتانی كەنداو. چونكە ئێمە لە كەنداو خۆمان بە هاوسێ و دۆست و برای ئێوەی كورد دەزانین.
تاوی كۆمەڵایەتی:كورد لای تۆ و لای هاونیشتمانیانت لە كەنداو چی دەگەیەنێت؟
د.ساجوانی: من بە گشتی وەڵامت دەدەمەوە، ئێمە رێزێكی تایبەتمان بۆ كورد هەیە، ئێمە شانازیش بەو نەتەوەیە دەكەین كە خاوەنی سەڵاحەدینی ئەیوبییە و هەموو نەتەوەی عەرەب دەزانێ سەڵاحەددین كێ بووە، بۆیە كورد برای ئێمەن و خاوەن مێژوو و شارستانیەتن.