پۆستە كردن، ناردنی كەلوپەلە پێویستەكانی مرۆڤە لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی دیكە، بۆ پۆست كردنی كەلوپەلی تایبەت، پۆستە ئەهلیەكان لە رێگای كێشی كەلوپەلەكەیەوە نرخی بۆ دادەنرێت، هەر پۆستەچیەك بە (كیلۆ) یان (نیوكیلۆ) نرخی جیاوازی دانەوە، ئەمە لەكاتێك نرخی پۆستكردنەكان لە پۆستێكەوە بۆ پۆستێكی دیكە دەگۆڕدرێت، بۆ ئەم مەبەستە هاوڵاتیان گلەیی لە زۆری نرخی ئەو پۆستانە دەكەن.
(هیمداد قادر) كیسەیەك شتومەكی هێنابوو، تاوەكو لەرێگای پۆستەوە بنێرێ بۆ وڵاتی نەرویج كە برایەكەی ماوەی (6) ساڵە لەوێ نیشتەجێیە، باسی نرخی پۆستكردنی كرد و وتی " بەداخەوە ئەو پۆستكردنانە لەوڵاتی ئێمە نرخێكی زۆریان بۆ دانراوە"، هەروەها (هیمداد) ئاماژەی بەوەی كرد كە " بۆ هەر كیلۆیەك ناكرێ (65) دۆلاری بۆ دانرێ، بۆ نموونە ئەو كیسەیە (5) كیلۆیە ئەوا دەبێ (325) دۆلاری دابنێم، ئەوەش پارەیەكی زۆرە "، لەبارەی یەك نەبوونی نرخەكان لە پۆستەكان، (هیمداد) وتی " پێویستە لەسەر حكومەت نرخی هەموو پۆستەكان یەك بخات و نرخێكی گونجاو بۆ پۆست كردن دابنێن".
(هێلین ئەحمەد) تەمەن (28) لەگەڵ برایەكەی هاتبووە نوسینگەیەكی پۆستكردن، تاوەكو ئەو پێویستیانەی كە برایەكەی پێویستی پێیەتی بۆی پۆستبكات، لەبارەی گرانی نرخەكانی پۆستكردن (هێلێن) ئاماژەی بەوە كرد " نرخی پۆستكردنی شتومەك و كەلوپەل زۆر گرانە "، (هێلین) پێی وابوو كە گرانی نرخی پۆستكردن " پەیوەندی بە قۆرخ كردنی خەڵك و فەرامۆش كردنی لایەنی پەیوەندیدارە لە بەرامبەر چاودێری كردنی نرخی پۆستكردنەكان".
(ئەحمەد كاوە) فەرمانبەرە لە فەرمانگایەكی حكومەت، ماوەی (11) ساڵە براكەی سەفەری دەرەوەی وڵاتی كردووە، لە وڵاتی فەرانسا گیرسایەوە، داوای لە برایەكەی كردووە كڵاشێكی پەڕۆیین و دووقاتی كوردی لەگەڵ چەند پێویستیەكی دیكە لەرێگایی پۆستەچیەكانەوە بۆی پۆست بكات، (ئەحمەد) باسی گرانی نرخی ئەو پۆستەچیانەی كرد و وتی " لە بەیانیەوە سێ شوێنی پۆستكردنم كردووە، هەریەكەیان نرخێكیان بۆ داناوە، ئەو نرخانەی كە دایان ناوە لەسەر ئەساسی یاسایەك یان لایەنێكی تایبەتی نییە، بەڵكو هەر عەشوایی بۆ قازانجی خۆیان دایان ناوە"، هەروەها (ئەحمەد) ئاماژەی بەوەی كرد كە " لایەنی پەیوەندیدار بێ پلانی پێوە دیارە لەبەرامبەر یەكخستنی نرخی ئەو پۆستكردنانە"، بۆ چارەسەركردن و یەكخستنی ئەو نرخانە (ئەحمەد) وتی " پێویستە لایەنی پەیوەندیدار كار بۆ دانانی یاسایەك بكەن، بۆ یەكخستنی نرخ و كۆنتڕۆڵ كردنی نرخی پۆستكردنەكان ".
(شێرزاد ناسح حەمەڕەش) بەڕێوەبەری نوسینگەی (پەلە پۆست)ی هەولێر، لەبارەی گرانی نرخی پۆستە ئەهلیەكان، دوای (3)جار سەردانی نوسینگەكەم كرد، بەڕێوەبەری نوسینگەی (پەلە پۆست)ی هەولێر لە نوسنگەكەی ئامادە نەدەبوو.
(كاروان عابد) جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی (ئەحمەدی) كە تایبەتە بەپۆستكردن و گەشەتە ئاسمانیەكان بۆ دەرەوەی وڵات، شایەنی باسە كۆمپانیایی (ئەحمەدی) سەر بە نوسینگەی (تێنتی)یە كە تایبەتە بە پۆست كردن، لەبارەی پێوەر و نرخی پۆستكردنەكان، (كاروان) وتی " پێوەری ئێمە بۆ كێشانی ئەو كەلوپەلانەی كە بۆ پۆست كردن دانراوە، پێوەری تەرازوو بەكاردێنین، بۆ هەر نیو كیلۆی یەكەم (50) دۆلارە، بەڵام بۆ نیو كیلۆی دووەم و نیو كیلۆیەكانی دیكە (25) دۆلارە، پێشموایە ئەو نرخانە نرخێكی زۆر نییە"، هەروەها لە درێژەی قسەكانیدا جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی (ئەحمەدی) وتی " ئەو نرخانەی ئێستا باسم كرد بۆ كەلوپەل بوو، بەڵام ئەگەر هاتوو پاسەپۆرت پۆست بكەین، یان هەر كاغەزێك و نامەیەك پۆست بكەین، ئەوا دەبێ (50) دۆلار بدەی بۆ ئەوەی بۆت پۆست بكرێت"، لەبارەی گرانی نرخەكەیەوە جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی (ئەحمەدی) ئاماژەی بەوە كرد كە " پاسەپۆرت مەسولیاتی زۆری لەسەرە"، شایەنی ئاماژە پێكردنە، كۆمپانیای (تێنتی) نوسینگەی سەرەكی لە (هۆڵندا)یە، ئەم كۆمپانیایەش كۆمپانیایەكی جیهانیە و، لقەكانی لە هەموو جیهاندا هەیە، جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی (ئەحمەدی)، لەبارەی گرانی ئەونرخانەی كە بۆ پۆستكرن دایانناوە وتی " ئەو نرخانەی كە بۆ پۆست كردن دامانناوە هیچ گران نییە، بەڵكو لەچاو شوێنی دیكە زۆر هەرزانە"، هەروەها جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی (ئەحمەدی) ئاماژەی بەوە كرد كە " زۆرجار حكومەتیش بۆ پۆست كردنی كەلوپەلەكانی دێتەلامان"
(تەها مستەفا ئەحمەد) بەڕێوەبەری پۆستەی هەولێر لەبارەی ئەرك و گرینگی بەڕێوەبەرایەتی پۆستەوە وتی " ئەركی ئێمە وەرگرتنی پۆستەی هاوڵاتیان و حكومیەكانە لەناوە و دەرەوەی هەرێم لە رێگای نوسینەگەكانی پۆستە دابەشدەكرێتە سەر شار و شارۆچەكەكانی كوردستان سەرجەم وڵاتانی جیهان، لەسەر ئەساسی ئەو ناونیشانەی پێمان دەدرێت بۆ گەیاندی پۆستەكانیان"، لەبارەی ئەو پۆستانەی تایبەتن بۆ دەرەوەی وڵات بەڕێوەبەری پۆستەی هەولێر وتی " وەرگرتنی ئەو پۆستانەی كە تایبەتن بۆ ناردنە دەرەوەی وڵات، وەك نامە و شتومەكی پێچراوە، هەروەها وەرگرتنی ئەو پۆستانەی دەرەوەی وڵات لە گشت وڵاتانی جیهان لە رێگای هێنانەوەی فرۆكەخانەی نێو دەوڵەتی هەولێر لە وێشەوە لەرێگای نوسینگەكانی پۆست دابەش دەكرێت"، هەروەها بەڕێوەبەری پۆستەی هەولێر باسی ئەوەی كرد كە "سەنتەری ئاڵوگۆڕكردنی پۆستە لە هەولێر كراوەتەوە، كاری ئەم سەنتەرە ناردنی پۆستەیە لە كوردستانەوە بۆ گشت وڵاتانی جیهان و بە پێچەوانەوە، ئەم سەنتەرە بە رەزامەندی یەكێتی پۆستەی نێو دەوڵەتی جیهانییە"، هەروەها بەڕێوەبەری پۆستەی هەولێر ئەوەشی نەشاردەوە كە هاوڵاتیان دەتوانن پۆستە بۆ كەركوكیش بكەن، هەروەها بەڕێوەبەری پۆستەی هەولێر باسی ئەوەی كرد كە " هاوڵاتیان دەتوانن لە رێگای نوسینگەكانی هەولێر كەلوپەلەكانیان پۆست بكەن، ئەو پۆست كردنانەش لە رێگای نوسینگەكانی پۆست كردن دەبێت، كە ئێستا نزیكەی (6) نوسینگەی پۆستەمان لە هەولێر كردۆتەوە، ئەو نوسینگانەش بریتین لە نوسنگەی (شۆڕش، نەورۆز، زانكۆ، رزگاری، ناوەندی هەولێر، عەنكاوە)"، لەبارەی ئەو نرخانەی بۆ پۆست كردن دایانناوە بەڕێوەبەری پۆستەی هەولێر وتی " ئەو نرخانە زۆر هەرزانترە لە پۆستە ئەهلیەكان، بۆ نموونە (1) نامە بە (15000) دینار پۆست دەكرێت، بۆ كەلوپەلی تایبەتیەكان نرخی تایبەتی خۆی هەیە و، زۆر هەرزانترە لەو نرخانەی كە پۆستە ئەهلیەكان دیكەن "
لەبارەی گرانی نرخی پۆستە ئەهلیەكان بەڕێوەبەری پۆستەی هەولێر وتی " ئێمە تەنها چاودێری ئەو پۆستە ئەهلیانە دەكەین، مۆڵەتی ئەو پۆستە ئەهلیانە لە وەزارەتی گەیاندن وەردەگیرێت، لەبارەی گرانی نرخەكان باخەڵك بۆخۆیان نەچنە ئەو شوێنانە و سەردانی ئێمە بكەن ئێمە بەكەمترین نرخ بۆیان دەكەین، ئێمە ناتوانین نرخ بۆ ئەو پۆستە ئەهلیانە دابنێین و مونافەسەی ئێمە لەگەڵ ئەو شەریكاتانە لەسەر ئەساسی هەرزانی نرخەكانە".
|