مرۆڤ لە ژیانیدا بەردەوام رووبەرووی هەڵوێست و مامەڵەی جۆراوجۆر دەبێتەوە كە راستەوخۆ كاردانەوەیان دەبێت لە سەر ژیانی، و یەكێك لەو هۆكارانەی كەوا مرۆڤ دووچاری تووش بوون بە كێشەی دەروونی دەكات پشتگوێ خستن و رەت كردنەوەیەتی لە لایەن كەسانی دەوروبەری، بەجۆرێ بێبەش بوونی تاك لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكان و دوورەپەرێزیی لە رۆڵە گشتیەكان،
هەروەها گرنگی پێنەدان و پشتگوێ خرانی لەلایەن خێزان و هاوڕێكانی و شوێنی كار، ئەمانە هۆكارن بۆ دروست كردنی شڵەژان و ناهاوسەنگی لە دەروونی تاك، چونكە مرۆڤ بەردەوام هەوڵ دەدات كە رێگای گونجاو بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی خۆی بگونجێنێت لەگەڵ كەسانی دەووروبەری و ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژی، هەروەكو زانای دەرونزانی بەناوبانگ (هۆرنای) باسی لێوە دەكات و دەڵێت یەكێك لە پێداویستیە سەرەكیەكانی تاك قبوڵكردنی خود و قبوڵكردنی كەسانی دەووروبەریەتی كە ئەمەش بە شێوەی راستەوخۆ قبوڵكردنی ئەو تاكەی لێدەكەوێتەوە لە لایەن كەسانی ترەوە، و ئەم قبوڵ كردنەش سەرەتا منداڵ لە دایك و باوكیەوە بەدەستی دەهێنێت، بەجۆری پێدانی سۆزو و خۆشەویستی و دابین كردنی پێداویستیەكان و كڕینی یاری، و رێگەدان بە منداڵەكەی كە یاری لەگەڵ منداڵانی تر بكات، ئەمانە هەمووی یارمەتی دەرن بۆ چەسپاندنی توانای باوەڕبەخۆ بوون لای منداڵەكەیان و پتەو كردنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكانی. بەڵام گەرهاتوو منداڵ پشت گوێ خراو پێداویستیەكانی دابین نەكرا، هەر لە زووەوە لە لایەن دایك و باوك و خێزانی رەت كرایەوە هەروەكوو زانا (ئادلر) ئاماژەی بۆ دەكات و دەڵێت هەستكردن بە كەمی (شعور بالنقص) لای منداڵەكە دروست دەبێت و دووچاری دوورە پەرێزی و كەمی توانا لە دروست كردنی پەیوەندی كۆمەڵایەتی و دڵەراوكێ و خەمۆكی دەبێتەوە كە دەرئەنجام كەسایەتی ساغ و تەندروستی لێ دەرناچێت .
بەهەمان شێوە هەرزەكار لە تەمەنی 12-13 ساڵ بەسەرەوە كە بە قۆناغێكی ناسك و مەترسیدار دادەنرێت لە ژیانی تاك گەر هاتوو بە شێوەیەكی ژیرانە مامەڵەی لە گەڵ نەكرا دەرئەنجامی خراپی دەبێت بۆ دەروونی هەرزەكار و كۆمەڵگاكەی، چونكە لەم قۆناغەدا هەرزەكار بە دوای دۆزینەوەی ناسنامەدا دەگەڕێت و پرسیار دەكات من كێم ؟ ئینجا گەر هاتوو لەناو خێزانێك و كۆمەڵگەیەك ژیانی بردەسەر و مراعاتی هەموو حەز و ئارەز و پێداویستیەكانی كرابوو ئەوكاتە مەڵبەندی خۆی دەدۆزێتەوە لە نێو ئەو كۆمەڵگایەی تیایدا دەژیت، بەڵام گەر هاتوو پشت گوێ خراو كەس گرنگی پێنەدات ئەوكاتە وا هەست دەكات كەوا كەسێكی خوازراو نیە لەكۆمەڵگاو دووچاری كێشەو ململانێی دەروونی جۆراو جۆر دەبێتەوە، ئینجا زەرەر و زیلانی دەبێت بۆ خۆی و كۆمەڵگاكەی، یان ئەوەتا كەسێكی تێكدەرو دژی كۆمەڵگای لێدەردەچێت و هەوڵی تۆڵەسەندنەوە و كرداری شەڕانگیزی دەدات، یان ئەوەتا هەوڵ دەدات ئازار بە خۆی بگەیەنێت چونكە وا بیر دەكاتەوە كە ئەو كەسێكی خوازراو نیە لە كۆمەڵگا و بوونی ئەو لەم ژیانە زیادە بۆیە بیر لەخۆكوشتن و زیان بەخۆگەیاندن دەكاتەوە یان ئەوەتا شێوازێك هەڵدەبژێرن لە ژیانی كە ناگونجێت لە گەڵ پێوەر كلتوری كۆمەڵگەكەی بەجۆرێ شێوازی جلو بەرگی جیاوازە و هەروەها كوتانی پێست و ئاڵوەدەبون بە كێشانی جگەرەو مادەی بێهۆشكەر و خواردنەوی كهولیات هتد...و ئەنجامدانی رەوشتی شەڕانگیزی و كەسایەتی دژی كۆمەڵگایان لێدەردەچێت و بەردەوام هەوڵی تۆڵەسەندنەوە دەدەن، بەردەوام هەست بە بێزاری و نائارامی دەكەن و ئامادەباشیان تێدایە بە تووشبونیان بە وەسواسی ناچاری و چەندین نەخۆشی دەروونی تر.
بۆیە پێویستە لە سەر خێزان كەوا هەوڵی دابین كردنی پێداویستیەكانی تاكەكانی بدات و كەشێكی وا بڕەخسێنن لە ناو خێزان هەموویان یەكتریان خۆش بووێت و هەڵسوكەوتیان لەگەڵ یەكتر لە سەر بنەمای یەكتر قبوڵ كردن و ئاڵوگۆڕی سۆزو خۆشەویستی بێت و ململانێ و ئاژاوە نەبێت لە نێوانیان و مراعاتی لایەنی دەروونی یەكتر بكەن، بۆ ئەوەی تاكەكان دوور بن لە كێشەی دەروونی و هەست بە ئینتماء و دڵسۆزی بكەن بۆ خێزان و كۆمەڵگاكەیان.
|