ئەو ئافرەتانەی منداڵیان نابێ و دەبنە خاوەن منداڵ
ئا: بۆتان نەجات
ئافرەت بە سۆزو بەبەزەیی ناسراوە، هەرئەم بەزەییە دەبێتە هۆی ئەوەی كە خۆشەویستی دروست بكات و ببێتە ئەلقەی بەستنەوەی ژیانی مرۆڤەكان. ئافرەت هەر كە دەچێتە ماڵی خۆی لەئاسمانی هاوسەرو منداڵەكانیدا دەبێتە سێبەرو كەسێكی دیكە نابینێ لەوان زیاتر، (بەر لەوەی شووش بكات ئەم خۆشەویستیە پتر بۆ دایكیەتی).
بۆیە بەهیچ شێوەیەك دەستی ناچێتە ئەوەی ئەم خێزانە بكات بە قوربانی هیچ خۆشەویستیەكی دیكە كە هاوسەرو جگەر گۆشەكانی لێ بستێنێ. بەڵام هەمان رەحم و بەزەیی وا لەهەندێ ئافرەتی لەخۆ بردوو دەكات درك بە ئازاری منداڵ نەبوون بكات و ببێت بەم فریادرەسو لەو خەمەی دەرباز دەكات، بۆیە هەندێ لەو ئافرەتانە ئازایانە قوربانی بە جگەرگۆشەكەیان دەدەن و ماڵی ئافرەتێك رووناك دەكەنەوە بەبەخشینی یەكێك لەمنداڵەكانی خۆی كە رەنگە جگە لەپڕكردنەوەی ئەم سۆزە، لەگرفتی ئەوەشی رزگار بكات كە هەندێ لەو ئافرەتانە بەهۆی نەزۆكیەوە قوڵابی تەڵاقیان دەخرێتە مل.
لەم راپۆرتەدا دیمانە لەگەڵ هەندێ لەو ئافرەتە لەخۆ بووردوانە كراوە بەڵام ئایا لەرووی سۆزداری و یاساییەوە چەند دەكرێ منداڵی كەسێكی دیكە ناوی كەسێكی دیكە هەڵبگرێ و ببێت بەكوڕی؟

(سۆزان قاسم) ئافرەتێكە ماوەی (6) ساڵە بە خۆشەویستی شووی بە كوڕێك كردووە، بەڵام تا ئێستا منداڵی نەبووە، لەبارەی هۆكاری منداڵ نەبوونی، (سۆزان) وتی" بەپێی قسەی دكتۆر لەبەر هەندێ نەخۆشی ژنانەیە"، هەروەها (سۆزان) لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوە كرد كە، لە دوای قسەی ئەو دكتۆرە و چەندین دكتۆری دیكە بێ هیوابووە، ئەوەی (سۆزان)ی دڵخۆش كردووە، پێدانی ئەو منداڵەیە، كە خوشكەكەی لەبەر خۆشەویستی (سۆزان) پێشكەشی كردووە، هەروەكو (سۆزان) وتی " دوای ئەوەی خوشكەكەم هەواڵی منداڵ نەبوونی منی پێگەیشتبوو، بڕیاریدا منداڵێكی خۆییم پێبدا"، لەبارەی چۆنیەتی پێدانی ئەو منداڵە، (سۆزان) وتی "خوشكەكەم ئێمەی ناچار كرد بەوەی رازیبن وەكو بەخشین ئەو (كوڕە)ی لێ وەربگرین، وەكو خوشكەكەم پێیگوتین بۆ سەبوورییمان ئەو منداڵەی پێ بەخشین " دوای ئەوە منداڵەكە لە (دادگا) بەناوی من و پیاوەكەم كرا، ئێستاش بۆماوەی (2) ساڵە وەكو منداڵی خۆم بەخێوی دەكەم".
(بێری ئەحمەد) ماوەی (8) ساڵە شووی كردووە، بەهۆی نەخۆشیەكانی ئافرەتان تاوەكو ئێستا هیچ منداڵیان نەبووە، بەڵام (4) چوار ساڵە خوشكەكەی منداڵێكی پێداوە، ئەوكاتەی كە منداڵەكەیان بە بێری داوە، تەمەنی منداڵەكە تەنها (7) مانگ بووە، لەمبارەیەوە (بێری) لەسەر زمانی خۆی درێژەی بەقەسكانیدا وتی " ئەو منداڵەی كە خوشكەكەم پێیداوم كوڕە ئێستا تەمەنی (5) ساڵە، راستە من تاوەكو ئێستا منداڵم نەبووە، بەڵام ئەو منداڵەی كە خوشكەكەم پێداوم وەكو منداڵی خۆمە و لەلای من لەدایك بووە، هەرگیز گوێ نادەمە ئەو قسانەی خەڵك كە پێم دەڵێن، تۆ منداڵی خەڵك بەخێو دەكەی"، لەبارەی ئەگەری دروست بوونی ئەو گیروگرفتانەی كە بەهۆی منداڵەكەوە دروست دەبێ، (بێری) وتی "4 ساڵە ئەو منداڵە بەخێو دەكەم، تەحمولی هەموو ئازارەكانم كردووە، بۆ داهاتووش دەتوانم تەحمولی هەموو گیروگرفتەكانی بكەم، ئەگەر بزانم لەزەرەری منیش كۆتایی پێدێ"، لەبارەی هەڵوێستی پیاوەكەی (بێری) وتی " پیاوەكەم پەیمانی پێداوم كەوەكو كوڕی خۆی سەیری ئەو منداڵە بكات، تائێستا هەموو خەرجییەكانی ئەو منداڵە پیاوەكەم دەیكات".
لەلایەكی دیكەوە لەبارەی ئەو ئافرەتانەی لەبەرچەند هۆكارێك منداڵیان نابێ، دكتۆر (سانا كەمال) پسپۆر لەبواری نەخۆشیەكانی ئافرەتان و منداڵ بوون، باسی بەشێك لەو هۆكارانەی كرد و وتی " كاتێك كچ و كوڕێك ژیانی هاوسەریی پێكدەهێنن و پاشان منداڵیان نابێ، ئەگەر لە رێژەی (%30) خەتا لە ئافرەتەكە بێ، بە رێژەی (%30)یش خەتا لە پیاوەكەشە، چونكە پیاویش نەزۆك دەبێ، بەڵام بەداخەوە لەكوردستان پیاوان كەمتر پابەندی پشكنین دەبن، هۆكارێكی دیكە كە زیاتر لە ئافرەت بەدی دەكرێت بێ هێزی هێلكەدان یان گیرانی بۆڕی میزی منداڵان، جگە لەوەش هەبوونی كیسە لەسەر هێلكەدانەكان، ئەگەر چی ئافرەتیشمان هەیە پشكنینی تەواوی كردووە و هیچ كێشەیەكی نییە، بەڵام منداڵیشی نابێ".
(ئەحمەد عوسمان) پارێزەری راوێژكاری، لەبارەی دیاردەی كڕین و پێدانی منداڵ وەكو دیاری بۆ ئەو ئافرەتانەی كە منداڵیان نابێ وتی " لەرووی قانوونیەوە مرۆڤ بۆ فرۆشتن یان بۆ دیاری نییە، هەر منداڵێك مافی خۆیەتی ناوی باوكی راستەقینەی خۆی هەڵبگرێت، نەك بەناوی كەسێكی دیكەوە بكرێت، هەروەها لە ئایینی ئیسلامدا ئەو دیاردەیە رەتكراوەتەوە"، لە درێژەی قاسەكانیدا پارێزەر (ئەحمەد) ئاماژەشی بەوە كرد كە " لەرووی ئینسانیەوە ئەو ژن و پیاوە منداڵیان نابێ دەتوانن منداڵەكە بەخێو بكەن، بەڵام بەمەرجێك ئەو منداڵە لەرووی یاساییەوە بۆ بەناو كردن دەبێ بەناوی باوكی راستەقینەی بكرێت و نابێ كەسوكاری راستەقینەی لێ بشاردرێتەوە"، سەبارەت بە پێدانی میرات بەو منداڵە پارێزەر (ئەحمەد) وتی " ئەو منداڵە بە هیچ شێوەیەك میرات نایگرێتەوە، بەڵام وەكو دیاری دەتواندرێ لەكاتی دابەشكردنی میرات ئەو منداڵە دیاری پێ بدرێت، ئەویش لەسەر رەزامەندی كوڕەكە، دوای ئەوە ناتوانی وەكو میرات هیچ موڵكێك یان پارەیەك بەو كوڕە بدرێت".
سەبارەت بەو دیاردەیە، لێژنەی باڵای فەتوا لە یەكێتی زانایانی ئایینی كوردستان وتیان " دیاردەی كردنی منداڵی كەسێكی دیكە بەمنداڵی خۆ، شتێكی كۆنە، بەڵام بەهۆی شەڕ و ئاوارەیی و دابڕانی ئەندامانی خێزان و فڕێدانی منداڵ (مەلۆتكە) و هەڵگرتنەوەیان باوبووە پاشان كردوویانن بەمنداڵی خۆیان " كردنی منداڵی بیانی بەمنداڵی خۆی، بۆ دەرهێنانی رەگەزنامە لەسەر ناوی خۆی دروست و رەوانییە"، لەبارەی رەوانەبوونی ئەو دیاردەیە لێژنەی باڵای فتوا وتیان " خوا نەریتی منداڵی بیانی كردن بە منداڵی خۆ هەڵوەشاندۆتەوە وەك لە سورەتی (الاحزاب) ئاماژەی پێكراوە، هەروەها ئەو منداڵە بە رەگەزنامەكەی لە دادگا میرات بە (بابەكەی) دەگرێت كە لەراستیدا میراتگری شەرعی نییە، ئەمە لەكاتێكدا میراتگری شەرعی لەمیرات بێ بەش دەبێ، كە ئەمەش پێچەوانەی حوكمی خودایە"، مامۆستایانی لێژنەی باڵای فتوا ئاماژەیان بەوەشدا كە " دەتوانن پێش مردنیان شتێكی وەكو موڵك یان پارە بەو منداڵە ببەخشن لە روانگەی بەخشینەوە، نەوەك بەمیرات".
تێبینی: ناوی ئافرەتەكان لەسەر داوای خۆیان بەخوازراوی هاتووە.