زۆر قسەكردن نەخۆشییە؟
ریپۆرتاژ: گوڵشەن حەسەن
هەر مرۆڤێك بەشێوەیەك دروست كراوە كە جیاوازە لەگەڵ كەسێكی ترداو هەر یەكە هەڵس و كەوت و شێوازی قسەكردنیی تایبەت بەخۆی هەیە، بۆ نموونە كەم قەسەكردن حاڵەتێكە وەكو زۆر قەسەكردن لەژێر كاریگەری بارودۆخی ژیان و كۆمەڵگە و خێزان لەتاكدا دروست دەبێت.

زۆر قسەكردن نەخۆشی نیە بەڵكو لە رەوشتەكانی مرۆڤدایە و لەلای هەردوو رەگەز بەدی دەكەین، هەندێ جۆری زۆر قسەكردن وەكو خۆ هەڵقورتاندن بەقسەكردن لەشتێك كە پەیوەندی بە ئەو نەبێت بە نەخۆشی دادەنرێت، چونكە ئەو كەسە كە بە(زۆربڵێ)ی دادنێن و هاوسەنگی نانوێنی لەقسەكانیدا باسی هەموو شتێك دەكات لەبابەتی سەرەكی دەچێتە دەرەوە وا هەست دەكات كەسێكی گرنگە و ئارەزووی لوت بەرزی دەكات كە خۆشی لەراستیدا لاوازە لەرووی كەسایەتیەكەیەوە.
سەرەتا (د.ریزان علی ابراهیم) مامۆستای تەندروستی دەروونی لەزانكۆی سەلاحەدین لە كۆلێژی پەروەردەی مرۆڤایەتی /بەشی دەروونزانی بەم شێوەیە لەسەر بابەتەكە دوا: هەندێ كەس زۆر قسەكردن بەعادەتێكی نا مەرغوب و سیفەتێكی ناشیرین دادەنێن و زۆر قسەكردن هۆكاری زۆرە لەوانە (1-هەست كردن بەخنكان لەشوێنێك كە دەوروبەرت لێت تێناگە. 2-پێویستی تاك بەتنفیس كردن لەرێگای قسەكردن لەناو كۆمەڵە كەسانێك. 3-هەست كردن بە بۆشایی. 4-بوونی كێشە بەئامانجی كەمكردنەوەی كاریگەریی لەسەر دەروون. 5-بۆ رزگاربوون لەفشاری ژیان كە دواتر دەبێتە هۆی دروست بوونی نەخۆشی دەروونی، هەر ئەمەشە وادەكات كە ئافرەت كەمتر تووشی شڵەژانی دەروونی بێت، چونكە ئافرەت زیاتر پەنا دەباتە بەر زۆر قسەكردن ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هۆكارێكی فەسلەجی و بوونی هۆرمۆنی (ئۆكسیتۆسین) كە وادەكات ئافرەت زۆر قسەبكات، توانای قسەكردنی بەپلەیەكی زۆر باشتربێت لەپیاو و زۆر قەسەكردن دەبێتە بێزاركردنی خەڵكانی دەوروبەر و زیانی زۆری هەیە لەرووی كۆمەڵایەتی و تەندروستی و دەبێتە هۆی دروست كردنی كەش و هەوایەكی شڵەژاو، ماندووكردنی تاك لەرووی جەستە و دەروون، لەگەڵ ئەوەشدا بەیەكێك لەرێگاكانی چارەسەری دەروونی دادەنرێت و لە دەروونزانی زۆر لە نەخۆشیەكانی دیاری دەكرێت بەهۆی قسەكردن و دواتریش دیاری كردنی چارەسەری گوناو.
قسەكردن یەكێكە لەو بەهرە گەورانەی كە خودای گەورە بەمرۆڤی بەخشیوە و هۆكارێكە بۆ لەیەك گەیشتنی مرۆڤەكان لەگەڵ یەكتری و گوزارشت كردن لەشتەكانی دەوروبەر و دەربڕینی هەست، ئێمەی مرۆڤ لەگەڵ دروست كراوەكانی تری خودای گەورە بەزمان جیا ئەكرێینەوە ئەگەر مرۆڤ توانی قسە بكات ئەوا شادی رووی تێئەكات.
ئەو هۆكارانەی كەوا لەمرۆڤ ئەكات قسەبكات لەرووی چەندیەتی و چۆنایەتی ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو ژینگەیەی كە مرۆڤی تێدا ئەژی، چ لە رووی پەروەردە كردنەوە یاخوت پاڵنەرەكانی دەوروبەر كە گوشار دەخەنە سەر مرۆڤ بۆ رەفتاركردنی لەو كۆمەڵگەیەی تێدا ئەژی.
(شەهلا ساڵح عەبدوڵڵا) لە كۆلێژی یاسا و رامیاری دەڵێ: من زۆر قەسەكردن ئەگەڕێنمەوە بۆ ئەو هۆكارانەی كە تۆشی مرۆڤ خۆی ئەبێتەوە بۆ نموونە مرۆڤێك زۆر قسە ئەكات لەوانەیە لەماڵەوە وا پەروەردە بوبێ كە قەرەباڵغ بووە یان ئەندامانی خێزانەكە زۆر گرنگیان پێداوە و قسەیان لەگەڵ كردووە، یان هەندێ كەس ئەبینین وەك لەكۆمەڵگە پێشكەوتووەكان كە ئەقڵ بەكاردێنن بۆ قسەكردن بۆ نموونە لەكارەكانیاندا كە ئایا وا پێویست ئەكات قسە زۆربكات یان نە، یان هەندێ مرۆڤ خۆی سروشتی وایە یان لەكاتی دەربڕینی هەستی خۆشی و نەخۆشی كەم قسەكردنیش بەرای من دەگەڕێتەوە: یەكەم بۆ پەروەردە هەر وەك باسم كرد یان دەگەڕێتەوە بۆ باری دەروونی مرۆڤەكە لەوانەیە گۆشەگیربێ یان میزاجی ئەوەی نەیەوێ قسەبكات یان رووداوێكی بەسەر هاتووە وای لێئەكات كەم قسەبكات كەواتە ژیان، كۆمەڵگە، خێزان سروشتی مرۆڤ هۆكار و كاریگەری گرنگی هەیە لەم بوارەدا، كەواتە ئەمە دەرئەنجامی ئەوەیە كە مرۆڤەكان جیاوازن.
لەپاشان (دەریا مستەفا محەمەد) لە كۆلێژی زانستە ئیسلامیەكان بەم شێوەیە دوا: نەخێر زۆر وتن ناتوانرێت بەنەخۆشیەكی دەروونی دابنرێت بەڵكو شتێكی سروشتیە لە مرۆڤدا كە پەیوەندی بەجینەكانی مرۆڤ هەیە واتە دەتوانین بڵێین بەپێچەوانەوە، چونكە كەسی وا هەیە كە نەخۆشی دەروونیان هەیە بەزۆری بێ دەنگن و هەمیشە گۆشەگیرن و تێكەڵی خەڵك نابن لێرەدا دەردەكەوێ كە هۆكاری زۆر وتن پەیوەندی بەتێكەڵبوونی خەڵكەوە هەیە، هەتا زیاتر تێكەڵ بیت تۆ زیاتر و زۆرتر قسەدەكەی، هەروەها ژینگەش هۆكارێكە بۆ زۆر وتن واتە گۆڕان لەژینگەیەكەوە بۆ ژینگەیەكی تر و هەندێ كەس لەهەندێ كاتدا بۆخۆ دەرخستن پەنا دەبنە بەر زۆر قسەكردن.
(ماریا حسن) دەرچووی كۆلێژی كارگێری و ئابووری/بەشی كارگێڕی وتی: قەسەكردنی لەرادە بەدەر نەخۆشیەكی دەروونییە، بەزۆری هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی باوەڕ بەخۆبوون یاخود لەوانەیە هۆكارەكەی بۆ راكێشانی سەرنجی دەوروپشتی بێت، ئەو كەسانەش كە زۆر قسە دەكەن لەپاراستنی قسەی نهێنی لاوازن ئەمە سەرەڕای بێزاركردنی كەسانی دەوروپشتی خۆیان.
(شاناز ئەحمەد نەبی ئاغا) قۆناغی چوارەم لە كۆلێژی زمان/ بەشی كوردی دەڵێ: قسەكردن بریتیە لەدەنگ یان جوڵە بەگشتی و یا هەر جولەیەك كە زیندەوەرێك ئەنجامی دەدات لەبوون و نەبوونی زیندووی زیندەوەرەكەیە مرۆڤ وەك زیندەوەرێك بەجولەكانی لایەنی دەروونی خۆیمان بۆ دەردەخات مرۆڤ بەوە جیا ئەكرێتەوە لەئاژەڵ كە خاوەنی بیرەوەرییە و زانیاری رابردووی لەلایە و لەهەمان كاتیشدا بیر لە داهاتووشی دەكاتەوە.
لەوانەیە مرۆڤ هەردەم كاردانەوە نەنوێنێت و بەماتی بیهێڵێتەوە، یان لەكاتێكی دیاری كراودا بتەقێتەوە جا ئەو تەقینەوەیە چ بەخۆشی بێت یاخود ناخۆشی.
مرۆڤ بەكردارەكانی بەردەوام تەعبیر لە خودی خۆی دەكات و ژینگە و دەوروبەر دەبنە كاریگەر لەسەر زیندویەتی مرۆڤ و كاردانەوەی بەشێوازی جۆراوجۆر دەنوێنێت جا لێرەدا (زۆر قسەكردنی مرۆڤ) تەعبیر لە چی بكات پرسیارێكی ئاڵۆزە و بە دەوروبەر و ژینگەی گرێ دراوە.
ئایا لەقسەكردندا چی دەردەخات توڕەیی، بەزەیی، خۆشی، بێزاری و ئەوەی لەئەنجامی بێزاری بێدەنگ دەبێت یان ئەوەی واقیع ئازاری دەدات، زۆرجار كاردانەوەی قسەكردن لە مرۆڤێكەوە بۆ مرۆڤێكی تر دەگۆڕێت كۆمەڵگە بەها رێژەییەكان بۆ رەوشت دیاری دەكات و هەر مرۆڤێك رەوشتی جیاواز دەنوێنێت.
كاردانەوەی زۆرقسەكردن لەكەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگۆڕێت و لە كۆمەڵگەیەكەوە بۆ كۆمەڵگەیەكی تر دەگۆڕێت لەوانەیە خاڵی هاوبەشی لەنێوانیاندا هەبێت؟..
(حوسێن حەسەن) قۆناغی چوارەم لە كۆلێژی زمان بەشی ئینگلیزی سەبارەت بەم بابەتە وتی: بەڵێ، بەرای من زۆر قسەكردن هۆكارێكی دەروونیە ئەو كەسەی زۆر قسەش دەكات دەبێتە هۆی ئەوەی كە زۆربەی قسەكانی بێ كەڵك بن، چونكە قسەكانی بەویستی خۆی نیە ئەو تەنیا دەیەوێت قسە بكات و خۆی بەدەر بخات، لەكاتێكدا كە نازانێت كەسی بەرامبەری یاخود هەر كەسێكی تر بێت پێی نا رەحەت دەبێت، ئەم نەخۆشیە دەروونیە كەسانێك دەگڕێتەوە كە لەرووی هزر و بیر بەشێوەیەكی تر لە كۆمەڵگە دەگەن یاخود بەشێوەیەكی تر لە كەسی بەرامبەری دەگەن، دەتوانین بەشێك لەو كەسانەی كە زۆر قسە دەكەن بە كەم عەقڵ دابنێین، شتێكی تریش هەیە قسەكردن لەكاتی خۆیدا یان لەو كاتەی كە پێویستە قسەبكەی، ئەمە بەزۆر قسەكردن دانانێم، بەرای من مرۆڤێكی ئاسایی نە زۆر قسە دەكات نە زۆریش بێ دەنگە، چونكە بێ دەنگیش لەخۆیدا نەخۆشیەكی دەروونیە و گۆشەگیربونە لەكۆمەڵگە.
لەكۆتاییدا (شوان محەمەد سابیر) لە كۆلێژی ئاداب/ بەشی شوێنەوار قۆناغی دووەم وتی: بەرای من زۆر قەسەكردن نەخۆشیەكی دەروونی نیە و بەپێچەوانەوە رەنگە كەم قسەكردن و بێدەنگی و گۆشەگیری نەخۆشی دەروونی بێت، چونكە ئەوانەی كە نەخۆشی دەروونیان هەیە كەمتر قسەدەكەن لەچاو كەسانی ئاسایی ئیتر بەوەی قسەی زۆر بكەن، و بەرای من كردنی قسەی زۆر لەفیتڕتی مرۆڤی قسەكەرەكە دایە، یان ئەتوانین بڵێین زۆر قەسەكردن وەكو تەبیعەتێكە كە مرۆڤەكە لەناو خۆیدا هەیبێت، چونكە هەموو كەسێك توانای زۆر قسەكردنی نیە، ئەتوانین بڵێین قسەكردن، لەگەڵ سروشتی مرۆڤە قسەكەرەكە تێكەڵە.
هەندێك هۆكار هەن بۆ قسەكردنی زۆر، كە ئەمەشیان دەگەڕێتەوە سەر ئاستی رۆشنبیری و كراوەیی ئەو كەسە، كە ئەم هۆكارانە پاڵنەرن بۆ كەسایەتی قسەكەر كە لەزۆر بابەتەكانی ژیانیدا درێژەدادڕی بكات، یان كەمی شەرم كردن لە دەربڕینی رۆژانە، هۆكارە بۆ ئەو كەسانە كە زۆر قسە بكەن، یان یەكێ لە هۆكارە هەرە گرنگەكان، باوەڕ بەخۆبوونی تەواو لەلایەن كەسایەتی قسەكەرە لەسەر ئەو بابەتەی قسەی لەسەر دەكات، و هۆكاری تریش زۆرن كە دەبنەهۆی ئەم كردارە، هەر بۆیەش دەتوانین بڵێین ئەوانەی زۆرتر قسە دەكەن، زۆرتر خەڵك دەناسن و زووتر تێكەڵاو دەبن، لەچاو ئەوانەی كەم قسە دەكەن.