پاژنه‌ی به‌رز وروژاندنی له‌ پشت هه‌یه‌؟
شیبا كه‌ریم عه‌بدوڵڵا
گەر دەتەوێ بزانی كەسێك تا چەند كەسایەتی بەهێز و كەسێكی رێك پۆشە سەیری پێڵاوەكەی بكە، دیارە ئەم گوتەیە بۆ تێكڕای خەڵكی گوتراوە و كاریگەری خۆی هەیە و گومانیشم نییە لەوەی ئەم كاریگەرییە زیاترە لەسەر كچان و ژنان، چونكە ئەوان زیاتر گرنگی بەجوانی و مۆدێل دەدەن، كچانی ئێمە هەر رۆژە و جۆرو رەنگێكی نوێی پێڵاو لەپێ دەكەن و ئەوەی زیاتریش سەرنجمی بۆ راكێشاوە لەپێكردنی پێڵاوی پاژنە بەرز و باریك و بڵندە!!
پاڵنەر و هۆكاری لەپێكردنی ئەم پێڵاوە زۆر روونە و هەندێك كچ بۆ جوانی و كەشخەیی و هەندێكیش وەكو راهاتن و سیمبولێكی كچانە لێی دەڕوانن..
(دیاری دیار): من زۆر حەزم لەپێڵاوی بڵندە و فێربوومە لەپێی بكەم، گەر رۆژێك پێڵاوی بن نزمم لەپێ بێت ناتوانم بڕۆم و وا ئەزانم پێڵاوم لەپێ نییە و پشتم پێی ئەیەشێت، من لەبەر جوانیم نییە بەڵكو لێی راهاتووم، من پێم وایە كچی باڵا بەرز پێڵاوی بن بەرزی لێنایەت و كچی باڵا كورتیش باشترە پێڵاوی بەرزی لەپێ بێت واتا بەپێی لێهاتنە، قەت هەستم بەوە نەكردووە پێڵاوە بەرزەكەم هۆكارێك بێت بۆ سەرنج راكێشانی كوڕان، پێڵاوی ئاهەنگ و شوێنە گشتیەكان جیاوازە دەبێت مۆدێرن و بەرزبێت چونكە تۆ عەزیە و جلی كوردی لەبەر دەكەی و دەشبێت پێڵاوی دەوام و شوێنە گشتییەكان ئاسایی بێت و پێڵاوێكی كرداریی بێت.
(ئاشنا جەلال) دەڵێت: من حەزم لەپێڵاوی بەرزە و پێڵاوی بەرز لەپێ ئەكەم ئەگەر بەرز نەبێت بێزار ئەبم، زۆر بەپێڵاوی بەرز ئاسوودە ئەبم و حەز ئەكەم نووكی زۆر زۆر باریك بێت و بۆ سەرنج راكێشانم نیە و حەزم لێیە پێڵاوی كراوەم لەپێ بێت وەكو خۆم زیاتر حەزم لەپابوجە و گرنگی پێنادەم لەگەڵ جلەكانم بگونجێت یان نا؟ حەزم لێنیە پێڵاوەكانم دەنگ (تەق تەق)ی هەبێت و حەزیشم لێنیە پێڵاوم زۆر بێت دوو دانەم هەبێت باشە چونكە گەر پێڵاوم زۆر بێت نازانم كامەیان لەپێ بكەم و زیاتریش پێڵاوی رەش لەپێ ئەكەم..
(سەیران نوری): من هیوایەتم پێڵاوی بەرزە و زۆر پێم جوانە، حەزم لەپێڵاوی نوك باریكە چونكە كەشخەیە و جلەكانم چۆن بێت ئەو پێڵاوە لەپێ ئەكەم و رەنگەكەشی لەگەڵ ئەگونجێنم و هونەرمەندەكانیش كاریگەرییان لەسەرم هەیە و چاویان لێدەكەم و حەز دەكەم پێڵاوەكەم تەقەی بێت، چونكە زۆر سەرنج راكێشە و حەز دەكەم سەرنجی خەڵك راكێشم و كاتێك لەپێی دەكەم سەرنجی خەڵك رادەكیشم، بۆ بازاڕ پێڵاوی فلات لەپێی دەكەم بەڵام بۆ ئاهەنگ بەتایبەتی لەگەڵ تەنورەی كورت و جلی كوردی، زۆر سەرنج راكێش دەبێت، بەراستی پێڵاو زۆر كاریگەرە بۆ كەسایەتی..
(بەشدارخان دەرچووی كۆلێژ): من پێڵاوی بەرز لەپێ دەكەم چونكە پێم جوانە، و پێم وایە گەر كچێك باڵای كورت بێت باشترە پێڵاوی بەرز لەپێ بكات، تارادەیەكی زۆر پێڵاوی بەرز جوانی و كەشخەیی بەكچان دەدات، بەڵام ئەمەش مانای ئەوە نییە كەكچان بۆ سەرنجی كوڕان پێڵاوی بن بەرز لەپێ دەكەن، ئەگەر سەرنج راكێشان بێت بەبڕوای من پێڵاوی فلات سەرنج راكێشترە بەڵام زۆربەی كچان خۆیان حەزیان لەپێڵاوی بن بەرزە، من حەز دەكەم پێڵاوەكەم پاژنەی زۆر باریك بێت، زۆریش پێم ناخۆشە پێڵاوەكەم دەنگی بێت، چونكە خەڵكی بێزار دەكات، و هەمیشەش پێڵاوەكانم لەسەر مۆدیلە و رەنگی جانتا و پێڵاوەكانم وەكو یەكە و لەگەڵ جلەكانم دەیگونجێنم..
(سازان عەدنان): من زیاتر پێڵاوی فلات لەپێ دەكەم و پێم وایە لێهاتن و جوانی بۆ كەسەكە دەگەڕێتەوە و من هیچ حەز ناكەم پێڵاوەكەم دەنگی بێت چونكە زۆر بێزار كەرە و گرنگی بەپێڵاو دەدەم بەگوێرەی مۆدێل.