بەكارهێنانی توندوتیژی دژی ئافرەتان یەكێكە لەو قەیران و گیرو گرفتە ترسناكانەی كە ئەمڕۆ كۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەدەستیەوە دەناڵێنێت و گەلێك دەرئەنجامی سلبی لەدوای خۆی لەسەر ئەو كەسە بەجێدەهێڵێت و لەبەر ئەوە بەرەنگار بوونەوەی ئەم دیاردەیە لەرۆژگاری ئێستا ئەركێكی پیرۆزە لەسەر شانی هەموومان و پێویستە هەموومان هەوڵبدەین بۆ بنبڕكردنی.
پارێزەر ئومێد عەبدولسەلام قادر: توندوتیژی چەند جۆرێكی جیاوازی هەیەو هەرجۆرەو شێوەیەك بەكاردێنن، لەرووی یاساییەوە ئەگەر ئێمە بمانەوێت شیبكەینەوە ئەوا هەر جۆرێكیان بە شێوەیەك دەستنیشان كراون، بۆنموونە لە رووی یاساییەوە لەسیستەمە كۆنەكەی یاسای عێراقیدا هیچ جۆرە سزایەك بۆ ئەو كەسەدا دانەنراوە كەتوندوتیژی جەستەیی بەرامبەر بەئافرەت بەكاردەهێنێت. بەڵام خۆشبەختانە پەرلەمانی كوردستان ئەم دەقەی راستكردەوەو ئێستا ئەگەر پیاوێك ئازاری جەستەی ژنەكەی بدات ئەوا سزادەدرێت لەبەر ئەم هۆكارەش دەتوانرێت كاتێك كەئافرەتێك رووبەرووی توندووتیژی جەستەیی بۆوە راستەوخۆ ئاگاداری بنكەكانی پۆلیس و دەستەڵاتی قەزایی بكات، ئەمەسەرەڕای ئەوەی كەرۆژانە ئافرەتان رووبەرووی تووندوتیژی دەروونی دەبێتەوە. بۆ نمموونە زۆر جار باوك لە جیاتی كچەكەی بڕیاری چارەنووسساز دەدات وەك بڕیاری بەشوودانی كچ یان بڕیاری رێگەگرتن لەشووكردنی، هەروەها بەپێی بڕیاری قەزایی لەیاسای باری كەسێتیدا ئەگەر باوكێك یان برایەك بڕیاری چارەنووسسازی لەجیاتی كچەیدا ئەوا بەپێی دەقی یاسای هەمواركراو بەندكردن كەلە (2) ساڵ كەمتر نەبێت و لە(5) ساڵ زیاتر نەبێت دەیگرێتەوە.
پارێزەر ئومێد ئاماژەی بەوەدا كە ئافرەت هەندێك مافی تایبەتی هەیە كە دەبێت پارێزراوبێت چونكە ئەوانە مافی كەسایەتی ئافرەتەكەن و كەچی لە هەندێك كاتدا ئەو مافە پێشێل دەكرێت و لەلایەن چەند كەسێكی ترەوە دەبرێت بۆ نموونە كاتێك كە ئافرەت مارەیی بۆ دەستنیشان دەكرێت ئەوا ئەم مارەییە لەرووی یاساوە مافی خۆیەتی كەچی لەلایەن باوك و براوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و خەرج دەكرێت، لەكاتێكدا ئاینیش و یاساش ئەم مافەیان داوەتە ئافرەتەكە یان هەندێك جار ئافرەت لەمیراتی بێبەش دەكرێت و زۆر جار بووە ماڵی باوكی كچەكەیان بێبەشكردووە لەمیراتەكە بە بیانووی ئەوەی كەمیرات نەڕوات بۆماڵی زاوا، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كەهەندێك جار ئافرەتان دوای ئەوەی لەگەڵ هاوسەرەكانیان تووشی كێشە دەبن و ناچاردەبن جیاببنەوە ئەوا تووندوتیژی دژی ئافرەتەكان دوای تەلاق پەیدا دەبێت وەك ئەوەی كە ئافرەت زۆر مافی یاسایی هەیە وەك مارەیی پاشەكیی و بژێوی عودە و قەربووی تەڵاقی بەزۆر كە پێویستە بدرێت بە ئافرەتەكە بەڵام زۆر جار لەلایەن دایك و باوكی ئافرەتەكە دەست لەم مافانەی هەڵدەگرێت و تەنازول بۆ پیاوەكە دەكات لەبەر نەریتە كۆمەڵایەتیەكان دایك و باوك لە جیاتی كچەكەیان بڕیاریان داوە، هەروەها ناوبراو ئاماژەی بەوەدا كە پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی تایبەتی هەمواربكات بۆ ئەو كەسانەی كەئامێرەكانی تەكنەڵۆژی بۆ كاری نابەجێ بەكاردەهێنن وەك بڵاوكردنەوەی ڕەسمی ئافرەتان لەناو مۆبایلدا بەباشی زانی كەبوونی یاسای لەو جۆرە لەم رۆژگارەی ئێستادا زۆر پێویستە لەبەر ئەوەی ڕۆژانە چەندەها ئافرەت دەبنە قوربانی لە پێناوی بەخراپ بەكارهێنانی مۆبایل لەبەر ئەوەی كاتێك كە وێنەیان لەناو مۆبایلدا بڵاودەبێتەوە خۆیان دەكوژن یان دەكوژرێن و لەناودەبرێن.
*توێژەری كۆمەلایەتی
|