كتێب لە ژیانی رۆژانە سوودی تایبەتی خۆی هەیە و مرۆڤ بەرەو هۆشیاریی ئەبات، بوونی كتێبخانەش هەڵگری سیمای رۆشنبیریە، بۆ ئەم مەبەستە و سەبارەت بە كەموكوڕی كتێبخانە لە قوتابخانەكان و گرینگی كتێبخانە:
قوتابی(لانە ئیبراهیم) لە قۆناغی شەشەمی زانستی لە یەكێك لە ئاماددەییەكانی شاری هەولێرەو خولیایی خوێندنەوەی كتێبە بە تایبەتی خوێندنەوەی رۆمان، لە بارەی گرینگی كتێبخانە لە قوتابخانەكان (لانە) گوتی" بوونی كتێبخانە لە قوتابخانەكان گرینگی تایبەتی خۆیی هەیە بۆ قوتابی بە تایبەتی ئەوكاتانەی قوتابی پێویستی بە ڕۆشەنبیریەكی گشتی هەیە" هەروەها (لانە) درێژەی وتەكانیدا و گوتی" زۆرجار قوتابی بۆ دروستكردنی راپۆرتێكی مانگانە بۆ مامۆستای بابەتێك ئەوا سوود لە كتێبخانە وەردەگرێت"، لە بارەی كەموكوڕیەكانی كتێبخانەی قوتابخانەكەیان (لانە) دەڵێت" بەداخەوە كتێبخانەكەمان سەرچاوەی كەمی تێدایە و بەشێكی زۆری بە زمانی عەرەبیە كە تەنها بۆ قۆناغی كۆلێژ دەشێ ".
(هێژا سابیر)ی تەمەن (17)ساڵ، ئەو كە قوتابی ئامادەیی ئازادی كوڕانە باس لە كتێبخانەی قوتابخانەكەیان دەكات و دەڵێت"پەرتوك لە قوتابخانەكەیان هەیە، بەڵام ژووری كتێبخانەكەمان تەنها جێگایی (8) قوتابی ئەبێتەوە، شوێنی دانیشتنی نییە"،هەروەها باسی كتێبەكانی كتێبخانەكەی كرد لە بارەی سەرچاوە بۆ دروستكردنی راپۆرت گوتی "بۆ وەرگرتنی سەرچاوە بە ناچاری دەچمە دەرەوەی قوتابخانە لە كتێبخانەكانی بازاڕ كتێب بە كرێ دەهێنم"، ئەو لەبارەی چارەسەركردنی كێشەی كتێبخانەكەیان دەڵێت "پێویستە وەزارەتی پەروەردە لەو زەویەی كە بە بەتاڵی لە قوتابخانە ماوەتەوە، هۆڵێك بۆ كتێبخانەكەمان دروست بكات و كەلوپەلەكانی بۆ دابین بكات"، قوتابی (سارا وەلی) لە قۆناغی شەشەمی وێژەییە لە ئامادەیی هەولێری كچان لە بارەی كتێبخانەوە گوتی" كتێبخانە شوێنێكی گرینەگە بۆ ئەوەی زۆر دوای ماندووبوونێكی زۆر قوتابی تێدا بحەسێتەوە، بەڵام بەداخەوە ئێستا زۆر لە قوتابیەكان ئەو هەلەیان قۆستۆتەوە كتێبخانە بۆ نوكتە گوتن و قسە تایبەتیەكانی خۆیان بەكاردێنن"، لە بارەی كەموكوڕیەكانی كتێبخانەكەیان (سارا) گوتی" زۆر كتێب هەیە یەك دانەی لێ هەیە چەند قوتابیەكیش پێیان خۆشە ئەو كتێبە بخوێننەوە یان راپۆرتی لەسەر بكەن دەبێ بە مانگ سەرەی بۆ بگرن بۆ ئەوەی ئەو كتێبە بخوێننەوە"، (سازان ئەحمەد) قوتابیە لە قوتابخانەی دواناوەندی سۆلاڤی كچان لە بارەی كتێبخانەوە دەڵێت" كتێبی چی و كتێبخانەی چی تاوەكو ئێستا لە قوتابخانەكەمان ژوورێك نییە بۆ قەرباڵەغیەكانی ناو پۆلەكان"، لە بارەی نەبوونی كتێبخانە لە قوتابخانەكەیان گوتی" بە داخەوە ئێمە كە كتێبخانەمان نەبێ كەواتە كتێبیشمان نابێ بۆ خوێندنەوە، چونكە قوتابخانەكەمان زۆر بچووكە دەوامێك سەرەتایی تێدا ئەخوێنێ دەوامەكەی تر ئێمە دەخوێنین"، (سازان) داواكار بوو وەزارەتی پەروەردە كە بەدەم داواكاریەكانی قوتابخانەیانەوە بێ بۆ چارە سەركردنی كەموكوڕیەكانیان تاوەكو وەك قوتابخانە نموونەییەكان كتێب و كتێبخانەیان هەبێ، "بوونی كتێبخانە لەهەر شوێنێك گرنگی خۆی هەیە، قوتابخانە یەكێكە لەو دامەزراوە گرنگانەی كە پێویستی بە كتێبخانە هەیە" ئەمە قسەی قوتابی (خانزاد بورهان)ی تەمەن (19) ساڵە، كە قوتابییە لە دواناوەندی چناری كچان، هەروەها دەڵێت "بوونی كتێبخانە لە قوتابخانە گرنگە، چونكە قوتابی ناتوانێت لەو مەنهەجە دەربچێت كە لەبەردەستییەتی، بۆیەش پێویستی بەوە هەیە خوێندنەوەی دەرەكی هەبێت"، هەروەها دەڵێت بوونی كتێبخانە هۆشیاری بە قوتابی دەبەخشێت، بەڵام كتێبخانەكەیان كەموكوڕی زۆرە، لەوانە كەمی رێژەی پەرتوك، نەبوونی مێز و كورسی دانیشتن، ئەو دەڵێت "بۆ كتێب خوێندنەوە لەبری كورسی و مێز (3) رەحلەمان بۆ دانراوە لەسەری دانیشین"، "ئەو كتێبخانەیەی لە قوتابخانەكەمان هەیە تاقیگەی زانستی بوو كردیانە كتێبخانە"، ئەمە قسەی (پەروین ساڵح)ی تەمەن (18)ساڵە، ئەو كە قوتابی ئامادەیی چناری كچانە، لە بارەی كتێبخانەكەیان دەڵێت "ئەو كتێبانەی لە كتێبخانەكەمان هەیە بە كەڵكی خوێندنەوە نایەت، چونكە زۆربەی بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزییە"، هەروەها باسی لەوەش كرد كەوا كتێبخانەكەیان شوێنێكی نییە بۆ خوێندنەوە، بۆئەوەی بتوانی بە هێمنی كتێبی تێدا بخوێنیتەوە، "دەبینی لە ماوەی (10) دەقیقەی پشوو، (25) قوتابی بە لێشاو روو لە كتێبخانە دەكەن، كە تەنها (3) رەحلە هەیە بۆ دانیشتن"، ئەو دەڵێت ئەو كتێبخانەیە نەبێت باشترە، لەوەی بەو شێوەیە هەیە، ئەو پێی باشە هۆڵێكی تایبەت بۆ كتێبخانەكەیان هەبێ و مێز و كورسی بۆ دانیشتن دابنرێت، "هەروەها ئەو كتێبانەی لە كتێبخانە دادەنرێت دەبێ لەگەڵ فكری ئەو قوتابیانە بگونجێ"، هەروەها سەبارەت بە كەموكوڕییەكانی كتێبخانە لە قوتابخانەكەیان (نەزیهە عەبدوڵڵا) بەرپرسی پەرتوكخانەی دواناوەندی چناری كچان دەڵێت "لەبەر نەبوونی شوێن تاقیگەی زانستیمان كردۆتە كتێبخانە"، هەروەها باس لەوە دەكات كەوا لە جیاتی مێز و كورسی تایبەت بە كتێبخانە "رەحلەی پۆلەكانیان لە كتێبخانە داناوە بۆ دانیشتن"، ئاماژە بەوە دەكات كەوا ژمارەی قوتابیانیان زۆرە و شوێنی كتێبخانەكەش بچوكە، ئەمەش وایكردووە بەشێك لە قوتابیان بە راوەستان كتێب بخوێننەوە، بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە گوتی "پێویستمان بە كەلوپەلی زیاتر هەیە، جگە لەوە كتێبی وامان بۆ بهێنن لەگەڵ تەمەنی قوتابییەكان بگونجێت".
مامۆستا(ئاواز) بەرپرسی پەرتوكخانەی دواناوەندی هەولێری كچان، لەبارەی گرینگی كتێبخانە گوتی" كتێبخانە گرینگی تایبەتی خۆیی هەیە بۆ نموونە ئەو قوتابیە فێر ئەكا كەچۆن لە زانكۆ راپۆرت دروست بكات، جگە لەوەش زۆرجار قوتابی ناتوانێ تەنها داڕشتنێك بنووسێ لەسەر بابەتێك ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەخوێندنەوەی ئەو قوتابیە لە بەرامبەر كتێب، ئەگەر رۆژێ یەك پەڕی كۆمەڵایەتی یاخود رۆشنبیر یان هەر بوارێكی تر بخوێنێتەوە ئەوكات ئەو قوتابیە ئەتوانێ زۆرترین شت بنووسێت"، لەبارەی كەموكوریەكانی كتێبخانەكەیان مامۆستا (ئاواز) گوتی "لە رووی بچووكی هۆڵی خوێندنەوە كێشەمان هەیە كە زۆرجار هۆڵی خوێنەوە تەنها یەك پۆلی خوێندن دەتوانێ بێتەوە ژورەوە"
(رێكار كەیفی) بەرپرسی پەرتوكخانەكانی قوتابخانەكان لە پەروەردەی گشتی هەولێر، لەبارەی ئەو كەموكوڕیانەی كتێبخانەكانی قوتابخانەكان گوتی" بۆ چارەسەركردنی كەموكوڕیەكانی كتێبخانە لە قوتابخانەكان لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە، ئەگەر وەزارەتی پەروەردە جارجار خێرمان پێ بكات و هەندێ كتێبمان بۆ بنێرێ ئێمەش دابەشی سەر كتێبخانەی قوتابخانەكانی دەكەین، چونكە ئێمە بودجەیەكی تایبەتمان نییە بۆ چارە سەركردنی ئەم كەموكوریانە"، هەروەها گوتی "زۆرجار تهنها 5%ی پارهی حانوت بۆ کڕینی کتێب تهرخان دهکرێت، ئەو بودجەیەش بەشی كڕینی كتێب ناكات".
(زایەر عبداللە) بەرپرسی كتێبخانەی گشتی هەولێر كە سەر بە وەزارەتی رۆشنبیرییە، لە بارەی كتێبخانەكانی قوتابخانەكان گوتی" ئێمە زۆرجار لەسەر داوای بەڕێوەبەری قوتابخانەكانی ئامادەیی و سەرەتایی كتێبمان پێشكەش كردوە بە كتێبخانەكانیان، بەردەوام هەر قوتابخانەیەك كتێبخانەیەكی باشی هەبێ ئێمە ئامادەین كتێبیان پێشكەش بكەین"، لەبارەی پێشنیارەكان بۆ پەروەردەكانی هەولێر بەرپرسی كتێبخانەی گشتی هەولێر گوتی" ئێمە ئامادەین بۆ هاوكاری پەروەردەكانی هەولێر بە پێكهێنانی لێژنەیەك بۆ چارەسەركردنی كەموكوڕیەكانی كتێب لە قوتابخانەكان".
|