كاریگەریی تەلەفزیۆن لەسەر هزری منداڵان
ئامادەكردنی: تاوی كۆمەڵایەتی
تەلەفزیۆن میوانی هەمیشەیی هەموو ماڵێكە . ئەو ئامێرەی كەهەمیشە بەكاردێت كە یارمەتیدەری منداڵە بۆ فێربوون هەروەها سەرچاوەیەكی خۆشی و كات بەسەر بردنە و هاندەرە بۆ منداڵ لە پەیداكدنی هەوەس و داهێنانی تاكەكەسی، زۆرجار وەكو سەرپەرشتیاری رەوشتی سوودی هەیە بۆ منداڵ ئەگەر تەلەفزیۆن بەكارهات لەلایەن چەند كەسێكی باش و بەڕەوشت، بۆیە تەلەفزیۆن هۆكارێكی گرنگە بۆ چالاكی منداڵ . كەواتە تەلەفزیۆن بە بێ شك دەست كەوتەكی باشە بۆ زانینی هەواڵ و بەرنامەی بەسوودو سەیر كردنی هەموو جیهان. سەرەڕای بینینی چەندین فلیمی دوبلاژكراوی بیانی و بەرنامەی خۆش و سەرنج ڕاكێشەكانی ئاژەڵان و فیلمی كارتۆنی منداڵان . ئەگەر ڕۆژانە هەر ئەندامێك لەئەندامانی خێزان دیار نەبێ ئاساییە بەڵام یەك كاتژمێر تەلەفزیۆن بكوژێتەوە یەكسەر پرسیار دەكرێ ئەرێ ئەو تەلەفزیۆنە بۆ پێناكەن ئایا كارەبا نیە؟ یان لەكار كەوتووە؟
تەلەفزیۆن وەكو چەقۆیەكی تیژ وایە لەباش بەكارهێنانی دەتوانین سوودی لێوەرگرین هەروەك لەسەرەوە باسمان كرد بەڵام خراپ بەكارهێنانی زیان بەخشە بۆ خودی منداڵ و بۆ خێزانەكەی و لەخوارەوە باسی چەند لایەنێكی خراپی تەلەفزیۆن دەكەین .
1- كاریگەری تەلەفزیۆن لەسەر قوتابخانەو خوێندنەوە:
سەیر كردنی تەلەفزیۆن بۆ ماوەیەكی درێژ كاریگەری دەبێت لەسەر زیرەكی منداڵان هەرچەندە زیاتر تەماشای تەلەفزیۆن بكەن ئەوەندە ئاستی خوێندنیان دادەبەزی . لەلایەن چەند زاناو شارەزایەك بەراوردێك كراوە لە نێوان ئەو قوتابیانەی كەلەماڵەوە بەبەردەوامی و بۆ ماوەیەكی درێژ سەیری تەلە فزیۆن دەكەن لەگەڵ ئەو قوتابیانەی كە بۆ ماوەی كەم و سنووردار تەماشای تەلەفزیۆن دەكەن لە ئەنجامدا بۆیان دەركەوتووە كە كە جیاوازیەكی زۆرو بەرچاو لە ئاستی زانستی و نمرەكانیان بەدێ دەكرێت .
2- بەفیڕۆچوونی چالاكی و جموجۆڵی زۆر:
تەلەفزیۆن كاتێكی زۆری جموجۆل و چالاكی دەبات، بەمانایەكی تر تەنها كاتیان دەگرێت و رێگر دەبێ لەوەی كە بە ئارەزووی خۆیان یاری بكەن و بجولێنەوە، هەروەها شتێكی وا لای منداڵان دروست دەكات كە تەلەفزیۆن جێگرەوەی هەموو چالاكیەكانی ترە.
چونكە ئەو كاتەی كەمنداڵ بەیاری كردن سەرفی دەكات ئەمە هۆكاری گەشەسەندنی توانستی و بەرەو پێش چوونی تواناكانیەتی، بە چالاكی و جولە دەتوان لەگەڵ دەورو بەریان هەڵسوكەوت بكەن.
3- كەم كردنەوەی پەیوەندی لە نێوان منداڵ و خێزان :
منداڵ پێوستی بەوە هەیە كە ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەبێ لەگەڵ دایك و باوكی بە جۆرێك بەیەكەوە دابنیشن و گفتوگۆ بكەن و یاری بكەن، بەڵام جێگرەوەی ئەوانە بریتییە لە تەلەفزیۆن كە سەرنجی منداڵەكە بەتەنها بۆ لای خۆی ڕادەكێشێ . هەندێ جار تەلەفزیۆن كاریگەری لەسەر گەورەكان زیاترە لە منداڵ كاتێك منداڵێك دەگریێ یان دەیەوێ قسە بكات ئەوانەی لەو گەورەترن و سەیری هەر بەرنامەیەكی تەلەفزیۆن دەكەن یەكسەر منداڵەكە بێدەنگ دەكەن بە لێدان لەبەر ئەوەی ئەوان سەرقاڵن بەبەرنامەیەكی تایبەتی، لێرەدا ئەمانە هەمووی كاریگەری خراپ دەكەنە سەر منداڵەكەو ئەو پەیوەندییەی كە منداڵ پێویستیتی نامێنێ و فەرامۆش دەبێت .
4- سەیر كردنی توندو تیژیی لە تەلەفزیۆن :
تەلەفزیۆن پەروەردەی منداڵ دەكات لەسەر توندو تیژی، لێكۆڵینەوەیەكی سەردەمیانە دەری خستووە كە ئەو منداڵانەی سەیری تەندو تیژی دەكەن لە تەلەفزیۆن زیاتر لەیەك كاتژمێر لە ڕۆژێكدا ئەوانە ئەو منداڵانەن كە گومان دەكرێت تووشی توندڕەوی ببن لە داهاتوودا.
كاتێك منداڵ سەیری فلیمێك دەكات كە كوشتن و خوێن ڕشتنی تێدایە زۆر جار لای منداڵ وادروست دەبێت كە ئەو كوشتن و بڕینە ڕاستیە و هەوڵ دەدات لاسایی ئەو كەسانە بكاتەوە كە بەو كارانە هەڵدەستن. لێرەدا منداڵەكە لە هێمنییەوە دەگۆڕێت بۆ توندڕەوی، بۆ دووركەوتنەوە لەو كێشانە پێویستە دایك و باوك لە نزیكەوە ئاگاداری مناڵەكانیان بن كەڕۆژانە چەند كاتژمێر سەیری تەلە فزیۆن دەكەن و هەروەها سەیری چ جۆرە فلیمێك دەكەن بۆئەوەی لە داهاتوو تووشی كارەسات و شتی نابەجێ نەبن.