چۆن منداڵی ساوا بشۆین
تاوی كۆمەڵایەتی
شوشتنی منداڵی ساوا جیایە لەگەڵ تەمەنەكانی تری منداڵان، بۆیە منداڵی ساوا گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیەو پێویستە لەكاتی شوشتنی زۆر ئاگاداری بین، دایكان پێویستە لەسەریان بە ئاگاداریەوە هەڵسوكەوتیان لەگەڵدابكەن، هەڵبەتە لەجاری یەكەمدا منداڵ حەز بەشووشتنی ناكات و زۆری پێ ناخۆشەو دەگریێت، بەڵام پاش چەند جارێك بەلایەوە ئاسایی دەبێت و فێر دەبێت، ساوا زۆر پێویستی بە شووشتن هەیە تاكو لەو پیسی و پۆخڵیە ڕزگاری بێت هەروەها لەو دەردو نەخۆشیانە بەدوور بێت، هەڵبەتە منداڵی ساوا مەرج نییە هەموو ڕۆژێك بشوورێت، هەربۆیە هەفتانە دوو تا سێ جار بەسیەتی، و لەكاتی شووشتنیدا پێویستە جل و بەرگ و حەفازەو خاولی و تەواوی پێداویستیەكانی بۆ ئامادەكرابێت و ئەو شوێنەی كە لێی دەشووریت پێویستە پاك و خاوێن بێت و ئەو پێداویستیانەی بۆ ئامادە كرابێت وەكو شامپۆی منداڵان و ئەو پارچە پەرۆكەی كە لەشی پێ وشك دەكرێتەوە، پێویستە شوێنەكە گەرم بێت بەڵام زۆر گەرم نەبێت منداڵەكە پێی ناخۆش نەبێت، ئینجا تەشتێك دەهێنین و بڕێكی باش ئاوی گەرمی تێدەكەین بەو مەرجەی ئازاری بۆ منداڵەكە نەبێت لەگەرمی ئینجا پارچە پەڕۆكێك لەناو تەشتەكە دادەنێین و جل و بەرگ لەبەر منداڵەكە دەكەینەوە ئینجا منداڵەكە لەناو ئاوە گەرمەكە دادەنێین، پاشان پێویستە لەسەر دایك دەست بداتە ئاوەكە نەوەك زۆر گەرم بێت یاخود بە پێچەوانەوە، پاشان دەست دەكات بە شووشتنی، بۆ شوشتنی سكی دەست دەگرین بە پشتیەوە تاكو بە جوانی سكی پشوورێت و پاكی بكاتەوە، بۆ شووشتنی پشتی پێویستە دەست بەسكیەوە بگرێت بۆ ئەوە ئازاری پێ نەگەیەنێت زۆر بە هێواشی و لەسەرخۆیی دەشۆرێت لە هەردوو حاڵەتەكەدا نابێت پاڵە پەستۆی بخرێتە سەر لەشی، بێگومان شووشتنی مل و بن باڵ و پەنجەكان و شوێنی حەفازەی پێویستە زیاتر گرنگی پێ بدرێت و بشۆرێت، پاشان لەناو خاولیەك دای دەنێین و دەبردرێتە هۆڵێكی تر، لەو هۆڵە بە پارچە پەرۆكێك وشك دەكرێتەوەو جلی نوێی لەبەر دەكرێت، منداڵ لە پاش شووشتنی پێویستی بە چەور كردن نییە، نەوەكو ببێتە هۆی هەڵقڵیشانی پێستی منداڵە .