هاوسەرگیریی مەرجدار
فاخیر مزوری
روون و ئاشكرایە پڕۆسە هاوسەرگیرییەكان بەچەندین جۆر و شێوە دێنەكایەوە و ئەنجامی ئەدەن بۆ دەستەبەركردنی ژیانێكی نوێ و تازە كە كوڕان و كچان دەچنە نێو دۆخێكی تر و بارێكی دیكە و مسۆگەركردنی ژیانێكی بەختەوەر و ئاسوودە، كە هەردوو رەگەز پێویستییان بەیەكتر هەیە و تەواوكەری یەكترن و بەبێ یەكتر ژیان گوزەر ناكرێت و ناچێتە سەر، كە ئەم دوو رەگەزە بتوانن بەتەنیا و دوور لە یەكتر بژین، مەحاڵە ناتوانن و هەموو كەسیش ئەم راستیە دەزانێ، و كوڕ و كچانیش بەچەندین شێوە و جۆر بەیەك دەگەن و دەچنە نێو كەژاوەی هاوسەرێتی جا چ لەرێگای خۆشەویستی و خوێندن یان لە شوێنی كار و پیشەكانیانەوە و. هتد. یەكتر دەناسن.
جۆرێكی دیكەش لەرێگاكانی ترەوە بەیەك دەگەن و تێكەوڵای یەكتر دەبن، بەڵام لێرەدا نامەوێت بچمە نێو ناوەڕۆك و تەواوی ئەم بابەتەوە و تەوەرێكی جیا بۆ مەبەستی بەیەك گەیشتن، چونكە گەلێك جۆری هەیە، و ئەوەی زیاتر مەبەستمە كە باسی لێوە بكەم هاوسەرگیریی مەرجدارە، كە لەلایەن باوكان و كەس و كاری كچانەوە بەكاری دەهێنن و بۆ خۆیان كردوویانە بەنەریت و لەم رێگایەوەش قوربانیەكی زۆر دراوە لەلایەن كوڕ و كچانەوە، لەهەمبەر ئەوەشدا ئەم دوو رەگەزە بەتوندی ئیدانە و مەحكوم دەكەن و لەگەڵ ئەوەدا نین كە ببێتە بەربەست و پەرژین كە بەیەك نەگەن، و یەكێك لەو خاڵ و پێوەرانەش ئەوەیە كاتێ بۆ كوڕێك دەچنە داخوازی كچێك، باوكی یان كەسێكی دیكەی كچەكە پێش وەختە دەڵێت: دەبێت ئەم كوڕە خانووی خۆی هەبێت و ماڵییان بەجیا بێت و گشت پێداویستییەكیش دەستەبەر بكرێ، و لەبەرامبەر ئەوەشدا دەبێتە یەكێك لە گرفە هەرە گرنگەكانی كۆمەڵایەتی كە بڵێت: من بەچ شێوەیەك چارەسەری ئەم گرفت و قەیرانە بكەم و خانوو بەچ بكڕم و لەكوێی بهێنم! یان بەچ شێوەیەك ئەو مەرجە بهێنمەدی، و لێرەدا دوو رێگا هەیە لەبەردەم كوڕەكەدا كە بۆ خۆی یەكێكییان هەڵبژێرێت و بیگرێتەبەر یەكەمیان یان دەبێت لەسەر خۆی قبوڵی نەكات، یانیش دەبێت لەسەر خۆی قبوڵی بكات و خۆی بكاتە قەرداری دار و بەردو دەبێت هەتا هەتایە پێی نەدرێتەوە و رۆژەك لەرۆژانیش بەگیانی خۆی نەڵێت: ئۆخەی، لەناو ماڵ و حاڵی خۆیدا دابنیشێت بەبێ كێشە و گرفت و هیچ كێشەیەكی نەبێت، بەڵام كوان ئەو كەسانە كەبێ گرفت ژیان و خۆشی مسۆگەر بكەن و خۆشحاڵ بن، و لەو سەردەمەشدا من باوەڕ ناكەم كە كەسانی لەو جۆرە هەبن كە بتوانن لەئاسوودەییدا بژین و مەرجە ناكاوەكان لەسەر خۆیان قبوڵ بكەن و ماڵ و خانووی تەواویان هەبێت و لەلایان نەبێتە كێشە، چونكە ئەم رۆژگارە بۆ ژیان گەلێك سەخت و دژوارە بەتایبەتی بۆ چینی گەنجان و لاوان كەبێ كارییەكە بەپلەیەك دەژمێردێت. چونكە كە دەچنە خوازبێنی كچان ئەم مەرجە سەر سوڕهێنەرە بۆیان دێتە پێشەوە كەچی ناتوانن جێبەجێی بكەن و ناچار دەبن كە خۆیان بكێشنەوە و واز بهێنن، و زۆرجار بەگەنجان دەوترێت تۆ بۆچی ژن ناهێنی تەمەنت بەسەرداچووە و بەرەو قەیرەبوون دەچیت ئەوانیش لەوەڵامدا دەڵێن: بۆ خۆم بەم شێوەیە خۆشتر و باشترە ئەمڕۆ كەبچیتە داخوازی هەر كچێك لەیەكەم ئاخاوتندا داوای، خانوو دەكەن سەرەڕای ئەوەش ناوماڵ و ئاڵتون. هتد و دەڵێت: من چیم هەیە تاكو بتوانم ئەو مەرجە جێبەجێ بكەم خۆ سەرمایەدار و خاوەن كۆمپانیا نیم، جا لێرەدا كەس نازانێت بۆچی لە كۆمەڵگەی ئێمەدا دایك و باوكان ئەم هۆكارە بەكار دێنن؟ ئایا بیر لەو كوڕە ناكانەوە كە بڵێین خانووی لەكوێ بوو بەچ دەستەبەری بكات؟ و من لەو باوەڕەدام كچانیش بەرێژەیەكی زۆر لەگەڵ ئەم مەرجەدا نین بەتایبەتی ئەگەر خۆشەویستی بێت، بەڵام دایكی یان باوكی یان كەسێكی دیكەی ئەو هەڵوێست و مەرجانە دەهێنێە گۆڕێ، چونكە ئەگەر كچێك كوڕێكی بوێت خۆ ناڵێت دەبێت خانووی هەبێت چونكە كوڕەكەی دەوێت نەك خانوو، و سەرەڕای ئەوەش ئەو داوایەش دەخنە ملی كچان و وا ناوی دەبەن كە ئەوە مەرجی كچەكەیە و ئەو تاوانەش بۆ ئەوان دەبەستنەوە هەرچەندە كچەكەش ئاگای لە ئەوە نییە و لەگەڵیاندا نییە، بەڵام لەو خێزان و ماڵەدا مافی ئەوەی نییە كە ئارەزووی خۆی دەرببڕێت و بڵێت: من لەگەڵ ئەوەدا نیم و بەوە قایل نابم! و بەپێچەوانەوە زۆریش نیگەران دەبن، زۆرجار كار گەیشتۆتە رادەیەك كچەكە بەكوڕەكەی گوتووە ئەوە مەرجی من نییە و لەگەڵ ئەوەدا نیم و ئەوە قسەی باوكمە یان دایكم و من تۆم دەوێ نەك خانوو و شتێكی دیكە، و كەچی پێش وەختە بەكچەكە دەگوترێت ئەو داوایە بكە و ناچاریان دەكەن كە خۆی بەزووبانی خۆی پێیان بڵێت، و گشت لایەكیش دەزانن كە ئەوە مەرجێكی قوڕس و گرانە و كەم كەسیش هەیە كە بتوانێت قبوڵی بكات و لەلای ئاسایی بێت، جا بۆیە لێرەدا دەتوانم بڵێم: نەخۆشییەكانی دەروونی و جەستەیی لەو وڵاتەدا یەك جار زۆرن هەروەكو زانایانی زانستی دەروونناسی دەڵێن رێژەیەكی زۆر تووش بوونە و لەبەرز بوونەوەدایە، جا بۆیە منیش لێرەدا بۆ ئەوە دەگەڕێمەوە كە هاوسەرگیریی مەرجداریش یەكێكە لەو هۆكار و پێوەرانەی كە رووبەڕووی تاكەكانی ئێمە دەبنەوە بەتایبەتی چینی گەنجان و لاوەكان كە دەبێتەهۆی تووشبوونی ئەم نەخۆشییە كوشندەیە، كە هەردوو رەگەز واتە كوڕ و كچ دەكەونە نێو بیر و خەیاڵ و ناتوانن كێشەكانییان چارەسەر بكەن و ژیان بەخەم ناكییەوە بەڕێ دەكەن لەئەنجامیشدا رەنگە تووشی نەخۆشی زیاتر ببن و ببێتەهۆی گیان لەدەست دانییان و كۆتایی بەژیان هێنان.