ململانێی مرۆڤ لەگەڵ ژیاندا ڕەگێگی قووڵی هەیە، مانەوەی مرۆڤ خۆڕاگریەكی گەورەی دەوێ، چونكە زەوی بەردەوام لەگۆڕاندایە، گۆڕانی زەوی بەهۆی ئەو گۆڕانكاریانەیە كەوا مرۆڤ یان سروشت دەیكەن بە ڕەوتی ژیان لە زەویدا. گۆڕانی كەش و هەواش یەكێكە لەو گۆڕانكاریانەی زۆر مەترسیدارە بۆ سەر ژیان بە گشتی و تەندروستی مرۆڤ بەتایبەتی، بۆیە وا باشە كەوا كەمێك زانیاریەكمان لە سەری هەبێ.
گۆڕانی كەش:
هەموو گۆڕانكاریەكی كاریگەر و درێژخایەن دەگرێتەوە لە تێكڕای كەش و هەوا لە ناوچەیەكی دیاری كراو. تێكڕای گۆڕانی كەش و هەوا و تێكڕای گۆڕانی پلەی گەرمی و باران بارین و باری هەوا دەگرێتەوە . ئەم هەموو گۆڕانكاریانەی لە ئەنجامی كردەوە جووڵەییەكانی زەوی وەكو گڕكان، یان بەهۆی هێزی دەرەكی وەكو گۆڕانی توندی تیشكی خۆر یان كەوتنە خوارەوە یاخود بەركەوتنی زەوی بە بەردە ئاسمانیەكان، یان وەك بەم دوواییانەدا گۆڕان بەهۆی كرداری مرۆڤەوە ڕوودەدات.
ئەم گۆڕانكاریانەی دوایی بەهۆی ئاراستەی مرۆڤەوە بەرەو پێشكەوتنی پیشەسازی كە لەم 150 ساڵانەی دوایی ڕویاندا لە دەركردن و سوتاندنی ملیارەها تەن لە سوتەمەنی بۆ بەدیهێنانی وزە. ئەم هەموو جۆرە ووزانەی كەوا دەسوتێنرێت دەبێتە هۆی دەردانی چەندەها جۆر لە گازە سامناكەكان لەوانە گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن كە دەبێتە هۆی بەرزكردنی پلەی گەرمی زەوی بە زیاتر لە (1) یەك پلەی سەدی بە بەراورد لەگەڵ ئاستی گەرما پێشی شۆڕشی پیشەسازی.
مەترسیەكانی گۆڕان لە كەش و هەوا:
دەتوانین بیكەین بە دوو بەشەوە ئەویش مەترسیە گشتیەكان و مەترسیە تەندروستیەكان، یاخود دەتوانین بڵێین كاریگەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ سەر تەندروستی.
كاریگەری گشتی بریتین لە :
1- لەدەستدانی بڕێكی زۆر لەئاوی ژێرزەوی : واپێشبینی دەكرێت لەم پەنجا ساڵەی دواییدا ژمارەی ئەوكەسانەی كە كێشەی كەمی ئاویان هەیە بگات بە زیاتر لە 5 پێنج ملیار كەس.بەشێوەیەكی گشتی ئێستا لەهەر 10 دە كەس لە سەر زەوی 4 چواریان كێشەی كەمی ئاویان هەیە.
2- بە پاشكەوتنی بەرهەمی كشتوكاڵی:
3- بەپیت نەبوونی زەوی : ئەوەش بەهۆی ووشكەساڵی و بەبیابان بوونی زەوی ڕوو دەدەن.
4- بەرزبوونی ئاستی دەریاكان: بەرزبوونی پلەی گەرمی دەبێتە هۆی كشانی ئاوی زەریاكان، سەرەڕای توانەوەی چیا بەفرینەكان بەتایبەت لە گرینلاند . ئەم زیاد بوونەی ڕێژەی ئاوی دەریاكان مەترسیەكی گەورە دروست دەكات بۆ ژیان بەتایبەتی بۆ سەر نزیكەی زیاتر لە نیوەی خەڵكی سەر زەوی چونكە ئەو خەڵكانە لە نێوەندی 60 شەست كیلۆمەتر نزیكی كەناری ئاودا دەژین.
مەترسیەكانی بۆ سەر تەندروستی:
گۆڕان لە كەش و هەوا بەشێوەكی گشتی كاریگەری نێگەتیڤانە دەكاتە سەر ئامرازەكانی دابین كردنی تەندروستی مرۆڤ وەكو هەوای ساف و ئاوی پاك و بڕی خۆراك و شوێنی حەسانەوەو دووركەوتنەوە لە نەخۆشی. كەش و هەوای گۆی زەوی لەگۆڕانێكی خێرادایە خێراتر لە هەر كاتێكی تری شارستانیەتی مرۆڤایەتی، زۆر لەو كاریگەریانەی كە لە سەر تەندروستی هەیە بەخێرایی دەردەكەون، مەترسی هەرە توندیش بۆ وڵاتە دوواكەوتوەكانە.
زیادبوونی گەرمی هەوا و پیسبوونی هەوا مەترسیدارن بۆ سەر تەندروستی . تەوژمە گەرمەكان هۆكاری مردنن لە ڕێگای نەخۆشیەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن و نەخۆشیەكانی كۆئەندامی هەناسە بەتایبەت لە بەساڵاچوان . بەرزبوونی پلەی گەرمی دەبێتە هۆی كونبوونی ئۆزۆن و پیسبوونی هەوا كەوا دەبنە هۆكاری دروستبوونی نەخۆشیەكانی دڵ و نەخۆشیەكانی كۆئەندامی هەناسەی وەكو بەرهەنگ (ڕەبو).
لافاو و وشكەساڵی و پیسبوونی ئاو مەترسی نەخۆشی زیاد دەكەن بەتایبەتی نەبوونی ئاوی پاك دەبێتە هۆی زیادبوونی تووشبوون بە نەخۆشی سكچوون و كوشتنی ساڵانە نزیكەی 2ملیۆن كەس. سەرەڕای تووشبوون بە نەخۆشی تراخۆما (نەخۆشی هەوكردنی چاوەو دەبێتە هۆی كوێربوون). بەڵام مەترسیەكان لەوە راناوەستن بەڵكو لەهەمووش ترسناكتر دروست بوونی وشكەساڵی و برسیەتییە .
ئەو گۆڕانكاریانەی لە كەش و هەوا دا ڕوودەدەن هەروەها دەبنە هۆی دروست كردنی ململانێ لەهەمبەر چۆنیەتی كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشیە گوازراوەكان، كە زۆربەی ئەو نەخۆشیە بكوژانە لە ڕێگەی ئاو و خۆراكی پیسبوو، یان بەهۆی مێرووەكان دەگوازرێتەوە، وەكو نەخۆشی مەلاریا . لە ساڵی 2004 نەخۆشیەكانی وەكو سكچوون و مەلاریا و كەمی خۆراكی پرۆتینی بەتەنها بوونە هۆی مردنی زیاتر لە 3 ملیۆن كەس لە هەموو جیهان، كە یەك لە سەر سێ ئەو مردووانە لە وڵاتی ئەفریقا بوون.
لەوانەیە گۆڕانی زۆر لە پلەی گەرمی هەوا بكوژێكی ڕاستەوخۆ بێ، توێژینەوە نوێیەكان وا دەریدەخات كەوا بەرزبوونی پلەی گەرمی لە بەشی ڕۆژئاوای ئەوروپا لە هاوینی 2003 دا بووە هۆی تۆمار كردنی زیاتر لە 70 هەزار حاڵەتی مردن سەرەڕای كۆی ساڵانەی مردن بەبەراورد لەگەڵ ساڵانی تر . كاریگەری بەرز بوونی گەرما بۆ یەك پلەی سەدی لە سەر ئۆزۆن ڕەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی مردن بۆ زیاتر لە بیست هەزار حاڵەتی مردن لەهەر ساڵێك لە جیهاندا.
هەنگاوەكانی خۆپاراستن:
كەم كردنەوەی قەتیس بوونی گەرمی( الاحتباس الحراری) بە كەم كردنەوەی ئەو گازانەی دەبنە هۆی دروست بوونی گازی دووا ئۆكسیدی كاربۆن یان كەم كردنەوەی كاریگەریەكانی لەسەرگۆڕینی كەش و هەوا لەوانەیە كاریگەری پۆزەتیڤانەی هەبێ بۆ تەندروستی .بۆ نموونە هاندانی بەكارهێنانی ڕاست و دروستی ئامرازەكانی گواستنەوەی كۆمەڵگا و زیاتر پشت بەستن بە جووڵەی ئاسایی مرۆڤ وەكو پیادە ڕۆیشتن وەكو ئەڵتەرناتێڤێك بۆ بەكارهێنانی ئوتۆمبێلی تایبەت – لەوانەیە ببێتە كەم كردنەوەی گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن . ئەمانە بەتەنها بەركەوتنی سەرشەقامەكان كەم ناكەن، بەڵكو هەروەها پیسبوونی ژینگە و نەخۆشیەكانی كۆئەندامی هەناسە و نەخۆشیەكانی دڵ كەم دەكەن . بەرزبوونی ئاستی جوڵە لە ڕێگای زۆر بە پیادە ڕۆیشتن دەبێتە كەم كردنی مەترسی مردن بەشێوەیەكی گشتی .
بەشێكی دیكە لە خۆپاراستن بریتیە لە كەمكردنەوەی بەكارهێنانی نەوت و گاز وەكو سەرچاوەیەكی سەرەكی بۆ بەدەستهێنانی ووزە و بەكارهێنانی سەرچاوەی دیكەی وەكو تیشكی خۆر و هەوا وەكو سەرچاوەیەكی گرنگی بەدەستهێنانی ووزە.
|