كەسایەتی و هاوكێشەی مەیلە دەروونیەكان
وەرگێڕانی: خدر ئیبراهیم خدر
لەوانەیە هەر پێناسەكردنێك بۆ شادمانی تا ڕاددەیەك بەكارێكی گێلانە بێتە بەرچاو، چونكە هەموومان بەوەدەزانین كەلەكام بارودۆخ و سەردەمدا هەست بە شادمانی دەكەین و لەكام بارودۆخی تریشدا هەستی غەمباری دامان دەگرێت،
كاتێك بمانەوێت وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە كە ئایا چ شتێك مرۆڤ بەرەو شادمانی دەبات لەوانەیە دەمودەست بیرو بۆچونێك لەزەینماندا خۆی گەڵاڵە بكات كە پەیوەست بێت بە مۆسیقا یا دانیشتنێكی زەماوەند یا خۆراكێكی بەتام یا خوود كەسێكی خۆشەویست، لە بەرامبەریشدا مەسەلە گەلێكی لەنموونەی ڕاپەراندنی لەئیش وكاری ماڵەوە یا دەستێوەردانی خۆ بە خۆی خەسوو لە كارەكانماندا ببێتە مایەی ناڕەحەتی و نا ئارامیمان .
هەر چۆنێك بێت دەبێت ئاگاداری ئەو خاڵە بین كە ئەوەی دەبێتە هۆی شادمانی یا خۆشحاڵی مرۆڤەكان لەوانەیە لای خێزانێك بەكڕینی ئۆتۆمبیلێكی تایبەتی یا تەنانەت ئۆتۆمبیلێكی مۆدیل كۆنیش بێتە دی، بەڵام بەلای خێزانێكی ترەوە كە ئۆتۆمبیلی دوا مۆدیلیان هەبێت، لەوانەیە لەئاست هەبوونی ئۆتۆمبیلێكی مۆدیل كۆندا ناڕەحەتی و نائومێدی دایان بگرێت .
لە هەمان كاتدا بەلای ئەو كەسانەوە كە هیچ مەیلێكیان بۆ ئۆتۆمبیل نی یە، هەبوون یان نەبوونی كاریگەریەك دروست ناكات و بەتەواوی پشتگوێ دەخرێت. بۆیە دەتوانرێت ئەو دەرەنجامە بەدەست بخرێت كە هەبوون و خاوەندارێتی كردنی شتەكان لە خودی خۆیدا بە مایەی شادمانیەكان دانانرێت، چونكە كەل و پەلەكان مەسەلە گەلێكی زەینین و بەتەواوەتی بە تێڕوانینی مرۆڤەكانەوە بەستراونەتەوە كە خاوەندارێتیان دەكەن .
لە فەلسەفەی ئێمەدا (ژیانێكی شادمانانە) بریتی یە لە (چێژوەرگرتن لەوشتانەی حەزمان پێ دێن، هەروەها بە گۆڕین یا دووركەوتنەوە لەو شتانەی حەزمان پێ نایەن و، قبوڵكردن و وەلانانی ئەو شتانەش كە ناتوانین خۆیان لێ دوور بگرین و ناشتوانین بیانگۆڕین )) .

لەو نوسراوەدا چەند یاسایەك لەبەر چاو دەگرین كە بۆ ڕوونكردنەوەی مەبەستەكەمان دەتوانین سوودیان لێ وەربگرین :
یاسای یەكەم : ( كاتێك ئێوە شتێكتان حەز پێ دێت و چێژی لێ وەردەگرن )، لە ڕوانینی یەكەمدا ئەو یاسایە سادە و ساكار دێتە بەر چاو، چونكە دەشێت وەڵامی ئێوە ئەوە بێت كە بە گاڵتە جاڕی دابنێن و پێتان وابێت هەر شتێك حەزتان پێ بێت، چێژیشی لێ وەردەگرن .
بەڵام ئەگەر كەمێك زیاتر سەبارەت بەو مەسەلەیە بیربكەنەوە پەی بەوە دەبەن كەشتگەلێكی زۆر و زەوەند لە ژیانماندا بوونیان هەیە و سەرەرای حەز و مەیلمان لە بەرامبەریاندا، لەبەر هەستی گوناه و ترس ناتوانین چێژیان لێ وەربگرین بەدەربرینێكی تر ئەگەر ئێمە لەكاتی ئەنجامدانی كارێكدا كە حەزمان پێ دێت، دووچاری هەستی گوناهكاری ببین یاخوود ئەگەر لە بەرەنجامەكانی ئەوكارەدا ترسمان لەلابخوڵقێت، ناتوانین چێژی لێ وەربگرین .
یاسای دووەم ( كاتێك ئێوە مەیلتان لە شتێك نەبێت و لێ ی دووربكەونەوە ) . ئەم یاسایە زۆر سادەو ئاسان دێتە بەر چاو بەڵام بەتێڕامانێكی زۆرتر پەی بەوە دەبەین كە مرۆڤگەلێكی زۆر و زەوەند هەن سەروكاریان لەگەڵ كەسێك یا ئۆتۆمبیلێك یا جۆرە خۆراكێكدا هەیە كە حەزیان پێ نایەت، بەڵام لەبەر هەر هۆیەك بێت ناتوانن لێ ی دوور بكەونەوە .
یاسای سێ یەم : ( كاتێك ئێوە شتێكتان حەز پێنەیەت و نەتوانن لێ ی دووربكەونەوە و بیگۆڕن ) .
لەو بوارەشدا ڕێگا چارەیێكی ساكار هەیە تا ئەوەی حەزتان پێ ی نایەت، بیگۆڕن . بەڵام دەبێت بگوترێت كە بەهەمان ئەو شێوەی ناتوانین خۆمان لەشتێك بەدوور بگرین لەبەر چەند هۆكارێكی ماددی یاهەر بیانووی دەستگرتن بە كاتەوە، بەهەمان شێوەش لەوانەیە نەتوانین خودی ئەوشتە بگۆڕین .
یاسای چوارەم : ( كاتێك ئێوە شتێكتان حەز پێ نەیەت و نەتوانن لێ ی دوور بكەونەوە و نەشتوانن بیگۆڕن، قبووڵیان بكەن ) .
چۆن بتوانین شتێك كە مەیلمان لێ ی نەبێت، قبوڵی بكەین یاخوود بیخەینە لاوە ؟ لەوانەیە ئێوە خوشكێك یابرایەكتان هەبێت هەمیشە دەست لەكاروبارەكانتان وەربدات و كەلوپەلی ناو ژوورەكەتان تێك و پێك بدات، بەڵام ئێوە ناتوانن لێ ی دوور بكەونەوە، هەروەها ناشتوانن بە ئامۆژگاریەكانتان كار لە ڕەفتارەكانی ئەو بكەن و پێ ی بگۆڕن، كەواتە چۆن دەتوانن كەسێكی ئاوا بخەنە لاوە ؟
لەو بارودۆخانەدا كەشادمانی بەدی نایەت، چۆن بتوانین بەردەوامی بەژیانمان بدەین ؟ بە چ شێوەیەك دەتوانرێت ئەو كەسە قبوڵ بكرێت یان وەلا بنرێت كە لە تەكیدا خۆشحاڵی و شادمانی بەدی نایەت ؟
هەر چۆنێك بێت ئەگەر ئێوە دەتوانن ئەو شتانە قبوڵ بكەن كە حەزتان پێ نایەت و، ئەشتوانن ئەو شتانەی حەزتان پێ نایەت، بیانگۆڕن یان لێیان دووربكەونەوە یان قبوڵیان بكەن، ئیدی هەست بەشادمانی ناكەن . دیارە ناشتوانن درێژە بەژیانێكی شادمانی بدەن، بەڵام نابێت بەو هێندەش بێ ئومێد بن، چونكە ڕێگەیەكی دی هەیە كە بە (یاسای پێنجەم) ناو دەبرێت و، لەو بارودۆخانەدا بەكار دەبرێت .
یاسای پێنجەم : ( پاش گۆڕینی ڕوانینتان سەبارەت بەو شتانەی حەزتان پێ نایەت، ئەوجا قبوڵیان بكەن ) .
ئێوە خاوەنی هەمان تێڕوانینەكانی خۆتانن، بەدەربڕینێكی تر بەهای هەرشتێك بە تێڕوانینی ئێوە بەستراوەتەوە و هیچ شتێك بەتەواوی لە خودی خۆیدا ڕەها نی یە . شتێك نی یە لە خودی خۆیدا باش یان خراپ بێت، بەڵكو باشی یان خراپی هەرشتێك بە تێڕوانینی ئێوە لە ئاست ئەو شتەدا بەستراوەتەوە .
بەهەمان شێوە ژیانیش لە خودی خۆیدا باش یان خراپی نیە، ڕەوتێكەو لە جوڵەدایە، ئێوەن بە گۆڕینی ڕوانینەكانتان لە ئاست مەسەلەكانی ژیاندا دەتوانن ئاڵوگۆڕی بەسەردابێنن .
لەڕێی خوێندنەوەی ئەو بەسەرهاتەی خوارەوە كە تیایدا ( یاسای پێنجەم ) لە پێناوی بەسەر بردنی ژیانێكی شادمانانە بەكار براوە، دەتوانن باشتر لەڕەوتی ژیانی ڕۆژانەتان ئاگاداربن .
پیاوێك كەناوی ( جۆرج ) بوو، ویستی نانی نیوەڕۆ لەدەرەوەی ماڵەوە بخوات، كاتێك ویستی ئۆتۆمبیلەكەی بۆ بردنە دەرەوە لە گەراج بێنێتە دەرەوە بۆی دەركەوت كە بۆدی پێشەوەی ئۆتۆمبیلەكەی بەتەواوی تێكدراوە، دیاربوو كە ئۆتۆمبیلێكی دیكە لە پێش ئەودا وەستاوە، لەكاتی چوونە دواوەدا ئەو كارەساتەی خوڵقاندووە، بەڵام شوفێرەكە هیچ نوسراوێكی لە دوای خۆی جێ نەهێشتبوو .
(جۆرج) حەزی بەبارودۆخێكی ئاوا نەدەهات، بەڵام نەشیتوانیبوو خۆی لێ بەدوور بگرێت، ئیدی كارەساتەكە قەومابوو لەوەش دەستەوەستان بوو بارودۆخەكە وەك دۆخی پێشوی لێ بكاتەوە . لەوكاتەدا دوو هەڵبژاردنی لەبەردەمدا بوو،
( شادمان بوون ) یان ( غەمباربوون ) .
یەكەمی هەڵبژارد بڕیاریدا لە دیدگایەكی ترەوە لەو كارەساتە بڕوانێت، بۆیە جاری دووەم كە لە بۆدی ئۆتۆمبیلەكەی ڕوانی، بەوچاوە سەیری نەكرد كە ببێتە مایەی كات بەفیڕۆدان و خەرجیەكی زۆر و زەوەند، بەڵكو بە پاڵنەرێكی بینین كە ببێتە سەرچاوەی دەستكەوتی زیاتر بۆ وی .
هەوڵیدا لەڕێ ی ئەو بیروبۆچونە پۆزەتیڤەوە دەست و برد بكات تا بەهەوڵ و تێكۆشانێكی زۆر سێ بەرامبەری ئەو پارەیە بەدەست بخات كە لەگۆڕین و چاككردنی ئۆتۆمبیلەكەیدا پێویستی بوو .
بڕی ( 250 دۆلار ) ی بۆ چاككرنەوەی ئۆتۆمبیلەكەی هەڵگرت و بڕیاریدا سێ بەرامبەری ئەو پارەیە واتە ( 750 دۆلار ) پەیدا بكاتەوە . هێندەی نەبرد بە هەوڵ و كاركردنی بەردەوام ئەوەی مەبەستی بوو، بەدی هێنا .
خودی ئێوەش دەتوانن بە بەهرە وەرگرتن لە ( یاسای پێنجەم ) كە سەبارەت بە ( بەسەربردنی ژیانێكی شادمانانە ) دەدوێت، سەرلەنوێ لەگەڵ ژیانێكی شاددا ئاشت ببنەوە و، جگە لەوەش دەتوانن پەی بەهۆكارەكانی خەمۆكی و ناشادمانبوونی ئەوانی دی ببەن و، لەبەرامبەر بەرزو نزمیەكانی ژیانیشدا زۆرتر لە پێشووتان خۆڕاگربن .