(بێكاری و توندوتیژی) پەیوەندییەكی بەهێزیان لەگەڵ یەكدا هەیە
ئامادەكردنی: كامەران یاسین
شارەزایان دوپاتیان كردەوە كە پەیوەندی یەكی بەهێز هەیە لەنێوان ( بێكاری و توندو تیژی ) ناو خێزان، دەڵێن كاتێك باوك یان كوڕ بێ كار بوون ئەوا دەبێتە هۆكاری سەرەكی بەكارهێنانی توندو تیژی دژی ئەندامانی تری خێزان. چونكە كاتێك پیاو لە ماڵەوە كاری نیەو ئازاری دەروونی و ماددی هەیە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی كە پەنا بباتە بەر چەند شێوەیەكی نابەجێ لەدەرەوەو ناوەوەی ماڵەوە كە سەرئەنجام دەبێتە هۆی ڕوودانی كێشەی خێزانی و لەوانەیە كە هاوسەرەكەی یەكەم كەس بێت لە كۆتاییدا ببێتە قوربانی.
ئەم دیاردەیەش بەدیار كەوتووە لەماوەی دیراسەكردنی مەیدانیی كە سەنتەری بینینی سعوودی لە لێكۆلینەوەی كۆمەڵایەتی ئەنجامی داوە لەسەر توندو تیژی خێزانی. لێكۆڵەوەرانی سەنتەری بینین دەڵێن ژمارەیەكی زۆر لە پێشنیارمان بۆ هاتووە كە بەڕای شارەزایانی پیاو و ژن ئەو جۆرە پێشنیارانە هۆكاری یارمەتی دەرن بۆ دانانی سنورێك بۆ توندوتیژی ناو خێزان. ئەمەش گرنگی پێدانی سەرەكی یە لەسەر شێوازی ڕێگە گرتنی توندو تیژی پێش ڕوودانی. گرنگترین ڕێگەكانیش كە بە گشتی بڕیاری لەسەر دراوە لەلایەن زۆربەی شارەزایانی پیاو و شارەزایانی ئافرەت كە هاندەرە بۆ سنوورداركردنی كێشەی توندو تیژی بریتی یە لە (( ڕاگەیاندنی هەمەجۆر)) چونكە زۆربەی ئەوانەی كە چاوپێكەوتنیان لەگەڵ كراوە دەڵێن ڕاگەیاندن ڕۆڵێكی تەواوی نەگێڕاوە لەسەر ئەو بابەتە بە ڕادەیەكی بەرچاو و ئەو شتانەی كە تا ئێستا كاری لەسەركراوە لەلایەن دەزگاكانی ڕاگەیاندن تەنها بریتی یە لەپڕوپاگەندەیەكی ڕاگەیاندنی تایبەت كە بە مانشێتی هەمەڕەنگ تەنها بۆ جوان كردن بەكاردێت بە بێ ئەوەی بەبایەخ و بە قووڵی بچێتە ناو بابەتەكان و ببێتە هۆكاری دۆزینەوەی چارەسەر.
هەندێك وا پێشنیار دەكەن كە دەبێ وتارخوێنی مزگەوتەكان هەڵسن بەو ڕۆلە و لەلایەنی شەرعیەوە باسی بكەن ئەوسا گوێگرانی ناو مزگەوتەكات گوێ ڕایەڵی دەبن چونكە كۆمەڵگای ئیسلامی خاوەن بیروباوەڕەكەیەتی و كاریگەری لەسەریان دەبێت.
یەكێك لە پێشنیارەكانی تر سەبارەت بە بنبڕكردنی توندو تیژی بریتی یە لەو ڕۆلەی كە وەزارەتی پەروەردە پێویستە بیگێڕێ بەهۆی هۆشداری دانە قوتابخانەكان و هاندانی قوتابیان، ئەوانەی كە تووشی توندو تیژی خێزانی دەبن بچن بۆ لای لێكۆڵەرەوەی كۆمەڵایەتی ناو قوتابخانە بەمەبەستی داواكردنی یارمەتی.
زۆر لەشارەزایان وا پێشنیار دەكەن كە چەند خولێكی هۆشداری كردنەوە سازبكرێت بۆ سەرپەرشتیارانی كۆمەڵایەتی پیاو و ئافرەت لە قوتابخانەكان و لە كەرتە تایبەتیەكان بە جۆرێك لە ناوەڕۆكی توندوتیژیی ناو خێزان تێبگەن و لەجۆرەكانی توندو تیژی و هۆكارەكانی سەرهەڵدانی كە چەند كێشەی لێدەكەوێتەوەو چۆنیەتی مامەڵە كردن لەگەڵ قوربانیانی و هەروەها ئەوانیش ئەو تێگەیشتنەیان بڵاوبكەنەوە بەسەر قوتابیان و فەرمانبەرانی دەزگاكان.
پێشنیارێكی تری شارەزایان ئەوەیە كە چەند خولێكی تایبەت بە توندو تیژی بكرێتەوە بۆ پیاو و ئافرەتی ناو یەك خێزان بەهۆی بەرنامەی هۆشداری كردنەوە ئەمەش بەهۆی بانگەشە كردنی چەند شارەزایەك لە پیاوان و ئافرەتان كە بەرنامەیەكی رێك و پێك دابنێن تاوەكو ئەو خێزانەی كێشەی هەیە بتوانێ كێشەكە بەڕاستی بدركێنێ تاوەكو لە بنەڕەتەوە بنبڕ بكرێت.
بەڵام پێشنیاری سەرەكی شارەزایان ئەوەیە كە زۆر جار دووبارەدەكرێتەوە بریتی یە لە دۆزینەوەی ((دەزگا یان فەرمانگەیەكی سەربەخۆ)) كەتایبەتە بە كێشەكانی خێزانی بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی زیرەكانەو وردبینانە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، هەروەها بەشێكیان لەو شارەزایانە وای بۆ دەچن كە ئامادەكردنی دەستەیەك لە شارەزایانی كۆمەڵایەتی پێویستیەكی باشە بەمەبەستی چارەسەركردنی ئەو كێشە خێزانیانە. چونكە زۆربەی ئەو كێشانەی كەدەگاتە دادگا بریتیین لە شەڕو كێشەی قوول بێ ئەوەی چاو بەو كێشەیە بخشێننەوە پێش ئەوەی بگاتە دادگا چونكە هەندێ جار كێشەكان دەبنە هۆی جیابوونەوەی خێزان كاتێك ئافرەتەكە دەبێتە قوربانی هەروەك ئەم نموونەیەك باسی دەكەین.
لەبەر ئەم هۆیە كە بوونی سیستەمێك و دەزگایەك هەبێ بەناوی (( تێگەیشتن لە توندوتیژی خێزان )) بۆ هەموو لایەك زۆر گرنگە كە دەبێتە هۆی سنوورداركردنی كێشەكە، و تاوەكو بتواندرێت قوربانیەكان زۆر كەم بكرێتەوە بە جۆرێك هەر كاتێك ئەندامانی خێزان تووشی توندوتیژی بن ئەوا بتوانن بەزووترین كات كێشەكانیان لەڕێگای ئەو دەزگایەی سەرەوە چارەسەر بكەن بەبێ ئەوەی كێشەكەیان ئاڵۆز بێت و بگاتە دادگا تاوەكو بەبەردەوامی پارێزگاری بكرێن و هیچ كارەساتێكی ناخۆشی لێنەكەوێتەوە وەكو جیابوونەوەی خێزان و بێناز بوونی منداڵەكانیان.