ئهی ئازادی ...
چهندین تاوان که بەناوی تۆوە دهكرێت!
ئەم ڕستەیە كە ئاماژەم پێكردووە خاوەنەكەی ئافرەتێكی ئازادی خوازەو لە شۆڕشی فەڕەنسا ڕۆڵێكی چالاكی هەبوو، دواجاریش وای لێهات سەریان لەلەشی جیاكردەوە، ئەم ئافرەتە لە پێناوی ئازادیدا گیانی لەدەستدا، ئەوەی دەمەوێت بیخەمە روو مەسەلەی ئازادیەكانی ئافرەتان و ژنانی وڵاتەكەمە.
دەبینین مەسەلەی ئافرەت و بزووتنەوەكانی ئافرەتان لەكوردستان و جیهان دا مەسەلەیەكی نوێ نییە بەڵكو ساڵانێكی درێژە، بووهتە مایەی سەرگەرمی ئافرەتانی جیهان بەتایبەتی ئافرەتانی وڵاتە پێشكەوتووەكان، ئەو مەسەلەیەش بۆئێمە گشتگیر بووە. بەپێی گۆڕانی قۆناغەكانی مێژوو درووست بوونی سەردەمە جیاوازەكان، گۆڕانكاریەك لەچۆنیەتی ئازادیەكانی ژن و بەدەست هێنانی مافەكانیان درووست بوو، ئەم دروست بوونەش دەكەوێتە سەربیرو هزری ئافرەتان كەتاچەند هەوڵ بۆ بەدەست هێنانی مافەكانیان دەدەن، لەگەڵ ئەمەشدا چۆن بتوانن بە سەر ئەو دابونەریتانەدا زاڵبن كە كۆمەڵگای كوردی دروستی كردووە، پاشانیش قەناعەت هێنان بەبیری پیاوسالاری كۆمەڵگاكەمان یانیش هۆكاری تر لەوانە: دروست بوونی ئەو سەردەمەی تاڕادەیەك ئازادی بۆ تاكەكان فەراهەم كردووەو دروست بوونی حكومەت و پەڕلەمان و ئەو هەوا ئازادییەی كە هەڵی دەمژین، ئەمانە هەمووی وادەكات كە ئافرەتان تیایدا بتوانن گرەوی خۆیان ببەنەوەو چالاكانە بێنە مەیدان. گومان لەوەدا نییە كە هەر لەسەرەتاوە چوونی ئافرەتان و ژنان بۆ مەیدانەكانی كارو پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان ئەوە دەخوازێت كە چاو بخشێنی بەبەپیوەندیەكانی ژن و پیاو لەوسەردەمەدا كەوەك دوو هاوڵاتی یەكسان سەیر دەكرێن بەرامبەر یاسا، ئەمڕۆ سەردەمەكە وایلێهاتووە كە پیاوان و ژنان شانبەشانی یەكترهەنگاو بهاون، ئەگەرچی ژێرپێنانی كلتووری دێرینی چەند هەزار ساڵەو دابەشكردنی مافەكان لە گەڵ نیوەكەی تریاندا كارێكی ئاسان نەبوو، لەم ئاقارەی دوونیادا دۆخەكە جۆرێكی ترە بەزۆری پیاوان جیا لەوەی كە پشتیوانی ئاشكرای خۆیان بۆ ژنان و ئافرەتان و مافەكانیان ڕابگەیەنن خۆیان بواردووەو تەنانەت هەندێك جار شێوازێكی دوو فاقیشیان گرتۆتە بەر. نابێ ئێمە چاوەڕێی ئەوە بكەین ئەو نەریتە هەزاران ساڵەیە بەیەكجاری بگۆڕدرێت بەڵكو دەبێ خۆمان هەوڵ بۆ دروستكردنی ئەو ئازادییە بدەین، هەر ئافرەتەو لە شوێنی خۆی بوونی خۆی بسەلمێنێ جا ئایا ئەو ئافرەتە وەزیرە، ئەندام پەڕلەمانە، پزیشك، مامۆستا، فەرمانبەر، دایك..هتد.... لەجێی خۆمانەوە هەوڵ بۆ خۆڕۆشنبیركردنی خۆمان بدەین لەگەڵ پێشكەوتنەكانی سەردەم هەنگاو بهاوین و نابێ ئێمە لەجێی خۆمانەوە بێدەنگ بوەستین و داوای ماف و ئازادی بكەین ئەمەش بەپێی ئەو سنوورە دیاریكراوەی كە هەیە لەقاڵبی خۆیی دەرنەچێی و هەوڵی بۆ بدەین چونكە هەر لەزووەوە ئەگەر سەیر بكەین چەندین ئافرەتی ئازاو بەجەرگمان هەبووە و لەوڵاتانی جیهانیش ناوبانگی چەند ئافرەتێك بەدیار دەكەوێت. دواتریش لە كوردستاندا ئەو ئافرەتانە هیچ كاتێك بێدەنگ نەبوونە، شێرانە لەم مەیدانەدا بوونیان هەبووە، چونكە بەدرێژایی هەزاران ساڵ ئافرەت پێگەی خۆی لە مێژوودا هەبووە كە هەمیشە لەتەواوی بوارەكانی داهێنانە ئەدەبی و هونەرییەكان، هزری و فەلسەفی و زانستەكان یاخود چالاكییە سیاسیەكان توانیویەتی بگاتە لوتكەی ناودارێتی. بەپێی ئامار لەجیهاندا ژمارەی ئافرەتان لە گەڵ پیاوان یەكسانەو هەندێك جار كەمێك زیاترە، لە گەڵ ئەمەشدا عیززەت و ناسراوی بەنزیكەیی هەمیشە لەخەڵاتی پیاواندا هەبوو. جا پێویستە ئێمەی ئافرەت نەهێڵین پیاوان بەتەنها ببنە خاوەنی ئەو ناودارێتیە، چونكە ئازادی و ناسین و ڕێزگرتن لە مافی تاكە كەس هیچ كاتێك بێ كێشە نەبووە، بەڵكو زاڵ بوون بەسەری و تێكۆشانی دەوێت، ئافرەتیش لە پێناو هێنانەدی و نەمركردنی ئەو سەركەوتنە بەهادارەدا بەشداری چالاكانەی هەبێت، جار جار ئافرەتان لەوە گەیشتوون كە ئەوان لە شانازی ئەو سەركەوتنانەی تیایدا پشكدار بوون پشكیان نییەو لەوەرگرتنی پاداشتی سروشتی لەبەر بەشداریكردنیان بێ بەش ماونەتەوەو پەراوێز خراون و هەندێك جاریش بۆ بەدیهێنانی ئامانجێك كاتێك ئافرەتێك دەچێتە مەیدان ئەو ئامانج و شوێنگەیەی كە بەدەستی دەهێنێت ڕەنگە نزیكترین پیاوانی دەوروبەری واتا باوك مێرد یان برا ببنە خاوەنی، یانیش ئەوەتا مافەكەی لێ زەوت دەكەن هەروەك چۆن پیاوان دەتوانن شانۆی ژیان بنوسن و ئافرەتیش وەك تەماشاكەری وردو ئارام لە بینیندا، بەم شێوازە ئازادی و مافی ئافرەت لە چوارچێوەیەكی داخراودا بووە ئەمەش پێویستی بەگۆڕان هەیە بێگومان ئەم گۆڕانەش پێویستی بەماندوو بوون و تێكۆشانی خەباتی ئافرەتان هەیە، چونكە هەمیشە ئافرەتان خۆڕاگربوون لە بەرامبەر ڕووداوەكان و نەهامەتییەكانی ژیان، ئەمڕۆش لە كوردستاندا تاڕادەیەك پێشكەوتنێك و جووڵەیەكی بەرچاو دەبینرێت، بەڵام هێشتا ماویەتی بۆ ئەوەی بەتەواوی لەكۆیلەیەتی و بیری پیاو سالاری و نەریتە باوە چەقبەستووەكانی كۆمەڵگای كوردی ڕزگارمان بێت، بۆ ئەوەی شان بەشانی پیاوان ئافرەتان بەرەو پێشەوە بڕۆن و بەهەموو لایەك كۆمەڵگەیەكی دیموكرات و بەدەست هێنانی بۆ تەواوی تاكەكان فەراهەم بكرێت.
|