لەم سەردەمەدا ژمارەی ئەو لاوانەی پەنا بۆ خۆئازاردان دەبەن روو لە زیاد بوونە، بەهۆی ئەوەی ئازاردانی خود جۆرێكە لە خۆكوشتن و گیان لە دەستدان، دەبێت كەسی تووشبوو بەم حاڵەتە بۆ رزگاركردنی خودی بەدوای رێگەچارەیەكی گونجاودا بگەڕێت.
بە دۆزینەوەی رێگەچارەی نوێ بۆ كۆنترۆڵكردن و زاڵبوون بەسەر هەستەكاندا دەتوانین هیوایەكی زیاترمان هەبێت بۆ كەم كردنەوەی ئەو حەزانەی كە دەبنە هۆی خۆئازاردان، بۆ بنبڕكردنیشیان پێویستە راهێنانی یەك لە دوای یەك و كۆنتڕۆڵكردنی هەست و توێژینەوە و فێربوونی چۆنێتی قۆناغەكانی چارەسەركردنی ئەم خووە بگرینەبەر.
چ كەسێك تووشی خۆئازاردان بووە؟
لێكۆڵینەوەكان دەریان خستووە نزیكەی دوو ملیۆن كەس لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تووشی نەخۆشی خۆئازاردان بوونە كە لە %1 ـیان بەمەبەستی هەڵاتن یا چارەسەركردنی كێشەی سۆزداری و بارودۆخی خراپی ژیانیان جەستەی خۆیان ئازار دەدەن، لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین بە تەواوی پشت بەم ئامارە ببەستین لەبەرئەوەی زۆركات ژمارەی ئەو كەسانەی تووشی حاڵەتی خۆئازاردان بوونە، بە دروستی بڵاو ناكرێتەوە، هەروەها ئەو هۆكارانەی كە دەبنە هۆی تووش بوون بەم حاڵەتە بریتین لە هەژاری، كێشەی كۆمەڵایەتی، سۆزداری و دەروونی تاد .. و ناتوانرێت سنوورێكی دیاریكراویان بۆ دابنرێت لەبەر ئەوەی توێژینەوەكان دەریانخستووە كە هۆكاری خۆئازاردان تێكەڵەیەكە لەو هۆكارانەی سەرەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكان ئەوە دەردەكەوێت كە زۆربەی تووشبوان بەم حاڵەتە ئافرەتن، لە كاتێكدا لە هەندێك لە سەرچاوەكاندا هاتووە ئەم نەخۆشییە لە هەر دوو رەگەزدا لە تەمەنی 14 تا 60 ساڵیدا بینراوە و لەم نێوانەدا هەژاری گرنگترین هۆكاری تووش بون بەم حاڵەتەیە.
پێناسەی خۆئازاردان
دەتوانین پێناسەیەكی كورتی خۆ ئازاردان بەم شێوەیە بكەین كە خۆ ئازاردان بە هەموو جۆرە ئازار گەیاندنێك بە جەستە دەگوترێت كە نیشانە و شوێنەوارەكانی بە جەستەوە دەبینرێت و لە راستیدا لە كاتی دڵەڕاوكێ و تووڕە بووندا روودەدات.
جۆرەكانی خۆئازاردان:
* بڕین: برینداركردنی جەستە بە هەر ئامێرێكی تیژ وەك، چەقۆ، دەرزی، مووس و تەنانەت نینۆكبڕ كە زۆركات لەسەر قاچ و دەست دەبێت، لەبەر ئەوەی بە ئاسانی كەسانی دەورووبەر نایبینن.
* داغ كردن: سوتاندنی جەستە بە ئامێرێكی گەرم .
* هەڵكەندنی پێست: هەڵكەندنی پێست یاخود كردنەوەی برینە كۆنەكان (dermatillomania)، حاڵەتێكە كە تێیدا تاك حەز بە هەڵكەندنی پێستی جەستەی دەكات و بە بەردەوام بوون لەو كارەیدا هەست دەكات دڵەڕاوكێی كەم دەبێتەوە و هەست بە خۆشی دەكات.
* هەڵكەندنی موو (trichotillomania): هەڵسوكەوتێكی نائاساییە كە تێیدا تاك هەمیشە حەز بە هەڵكەندنی مووی خۆی دەكات و وەك خوویەكی لێدێت، نەخۆش مووی سەر و بەشە جیاوازەكانی جەستەی هەڵدەكەنێت، ئەو كارە دەبێتە هۆی كەچەڵ بوون لە چەند بەشێكی سەریان بە شێوەی پەڵەی بچووك و گەورە، تاك بە دانانی كڵاو و باڕۆكە یاخود بە لەچك بەشە رووتاوەكانی سەری دەشارێتەوە.
بە كارهێنانی دەرمانی دژی خەمۆكی وەك "ئانافرانیل " دەبێتە هاندەرێك بۆ تووش بوون بەم نەخۆشییە، بەڵام لە رێگەی ناوەندەكانی دەروونناسی و راوێژكارییەوە دەتوانرێت ئەم حاڵەتە كۆنترۆڵ بكرێت و بزانرێت لە چ كاتێك و چ هەستێكدا تاك تووشی حاڵەتی خۆئازاردان دەبێت، لەم ناوەندانەدا یارمەتی تاك دەدرێت كە چۆن خووێكی دیكە بكاتە جێگری ئەو خووەی، هەروەها چۆن خۆی كۆنتڕۆڵ بكات و مووی جەستەی هەڵنەكەنێت.
لێدان: بە چەكوش و ئامێری دیكە، شكاندنی ئێسك، كون كردن و خاڵكوتین بە شێوەیەكی نائاسایی، هەروەها بەكارهێنانی خواردنەوە كهولییەكان.
رێگەكانی كۆنتڕۆڵكردن و چارەسەركردنی نەخۆشی خۆئازاردان.
خۆئازادان بە خوو یا نەریت هەژمار دەكرێت، هەروەك دەشزانرێت تەرككردنی خووێك تەنیا بە خواستی خودی كەسەكە روودەدات.
بۆ چارەسەركردن و كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشییەكە دەبێت بە شارەزاییانە هەڵسوكەوت بكرێت، كەسی نەخۆش دەبێت سەردانی دەرونناس یاخود پزیشكی پسپۆر بكات لەبەرئەوەی كە ئەوان دیدێكی سەیریان بەرامبەر ئەم خووانە نییە و تەنیا وەك شارەزایەك لەو بوارەدا هەڵسوكەوت لەگەڵ نەخۆشدا دەكەن.
- دەرونناس فێری نەخۆش دەكات كە چۆن دەتوانێت لە كاتی حەزكردن بە خۆئازاردان ئەم هەستانە بە رێگەیەكی دروست لە خۆی دوور بخاتەوە.
- هیپنۆتیزم و راهێنانی بەردەوامی رۆحی كاریگەری لەسەر كەمكردنەوەی دڵەڕاوكێدا هەیە.
- چارەسەركردنی بە كۆمەڵی ئەم نەخۆشانە دەبێتە هۆی لەناوبردنی شەرمكردن و ئەگەری باش بوونەوە زیاد دەكات.
- چارەسەركردن لە چوارچێوەی خێزان زۆر گرنگە، چەند هۆكارێكی هاندەر لە خێزاندا بەدیكراوە و فێریان دەكات لەو كاتانەدا چۆن لەگەڵ كەسی نەخۆش هەڵسوكەوت بكەن.
- لەگەڵ بەرەو پێش چوونی چارەسەركردن، بەكارهێنانی دەرمانی هێمنكەرەوە بە سوودە.
- لە هەندێك حاڵەتدا پێویستە نەخۆش لە ژێرچاودێری پزیشك بێت و لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە.
چەند رێگەیەك بۆ بەرگریكردن لە تووشبوون بە خۆئازاردان:
- لە كاتی حەزكردن بە خۆ ئازاردان، نەخۆش دەبێت خۆی بە كاری تەندروستی دیكەوە سەرقاڵ بكات وەك راكردن، سەما كردن، هاواركردن، دڕاندنی پارچە، فڕێ دانی چەند شتێكی بێ بایەخ .
- ئەگەر لە قۆناغەكانی چارەسەركردندا نەخۆش هەست بەبێ هەستی خۆی بكات، پێویستە لەتە سەهۆڵێك لە نێو دەستی دابنێت و هەوڵ بدات وردی بكات یاخود بە ئاوی سارد خۆی بشۆرێت، یاخود بیبەری تیژ بخوات.
- پێویستە نەخۆش هێمنی خۆی بپارێزێت و خۆی بە وێنە كێشان و چەند جۆر وەرزشێك وەك یۆگا سەرقاڵ بكات.
- ئەگەر نەخۆش لەو كەسانەیە كە حەز بە بینینی خوێن دەكات با بە بۆیەی سوور ئەو شوێنانەی كە پێشتر دەیبڕی، رەنگ بكات.
|