هەموومان تووشی ترس و جۆرێك لە دڵەراوكێ دەبین لەكاتی تاقی كردنەوەدا بەڵام پێویستە لەسەرمان كە دوودڵی ئاسایی و دەسكرد لێك جیا بكەینەوە چونكە یەكەمیان بریتی یە لە دروست بوونی ئومێد بەسەركەوتن و بەدەست هێنانی گەورەترین پلە ئەم جۆرە دوو دڵیە هاندەرەو پێویستە و دەبێتە پاڵنەرێكی باش و تاوەكو بەبەردەوامی بەرەو دەست كەوتی مەزن بتبات ئەمەش لەڕوانگەی یاسای سایكۆلۆجی كە پێی دەڵێن یاسای (بركس دادسون) كە لە یاساكەدا دەڵێ هەرچەندە دڵەڕاوكێ زیاد بكات (دڵەڕاوكێی سروشتی) ئەوا لە هەمان كات ئاستی تەركیز كردن بەرز دەبێتەوەو ئەم بەرزبوونەوەیە پێویستە بۆ هەموو قوتابیەك بە گوێرەی پێویست شت بە بیر خۆی بێنێتەوەو سوورتر بێ لە هەوڵ دانی. بەڵام ترس و دڵەڕاوكێی دروست بوو كاریگەری خراپ دەكاتە سەر بڕوابوون بە خۆو پشت بەستن بەتواناكانی خۆت كەم دەكاتەوەو نمرەكانیشت دادەبەزێنێ سەرەڕای ماندوو بوون و شەونخونی زۆری تۆ كە وات لێدەكات ئاستی بیر كردنەوەت لەكاربكەوێت و شێوازی وەڵام دانەوەت لە تاقی كردنەوەدا خراپ بێت. ئەم جۆرە دڵە ڕاوكێ یە پێویستە زوو بە زوو چارەسەر بكرێت و هەرچەندە چارەسەرەكەی زوو بێت ئەوا ئەنجامەكەی باش دەبێت و ئاسەواری كێشەكان وون دەبێت بە خێراترین كات، پەیوەندی كردن بە پزیشكانی پسپۆڕو شارەزا لە هەندێ بارو دۆخی زۆر ناخۆش ئەوا چارەسەرەكە باشتر دەبێت و ترست لەسەر كەم دەبێتەوەو دڵە ڕاوكێی تاقی كردنەوە كۆمەڵێك ئاسەواری خراپی هەیە كە تەركیز كردن زۆر زەحمەت دەبێت و بیر هاتنەوەی بابەتەكان ئەستەم دەبێت، سەرەڕای خەونی ناخۆش بەبەردەوامی و هەندێ جار ئەو قوتابیە تووشی سەر ئێشەی خراپ دەبێت و هەندێ جار گەدەشی دێشێت لەگەڵ سووربوونەوەی دەم و چاوی.
هۆیەكانی ترس چییە لە تاقیكردنەوە ؟
1- پشت گوێ خستنی دەرسەكان لەلایەن قوتابی و پێدانەچوونەوەی ڕۆژێ بە ڕۆژێ كە بابەتەكانی لەسەر كۆ دەبێتەوەو توانای نامێنی لێكیان جیا بكاتەوەو لەبەریان بكات .
2- خۆئامادەنەكرنی تەواو و رێك بۆ تاقی كردنەوە .
3- كەمی بڕوا بەخۆبوون و بیركردنەوەی خراپ لەسەر خۆی هەروەها قوتابی زیرەكیش ئەو سیفەتەی هەیە كە بە دوای خاڵی لاوازی خۆیدا دەگەرێت كە هەندێ جار حەساسیەتی پێوە دەگرن .
4- باوكان ڕۆڵێكی گرنگیان هەیە لە دروست بوونی دڵەراوكێی منداڵەكانیان لەماوەی پێشبینی كردنی نابەجێ كە گوێ نادەن بە توانای راستەقینەی مناڵەكانیان كە هەندێ جار باس لەوە دەكەن منداڵەكانیان ناتوانن پلەی باش بەدەست بێنن .
5- خودی قوتابی خۆی دەبێتە هۆكاری دوودڵی لە تاقیكردنەوەدا كاتێك چاوەرێی هیواو ئومێدی بەرز بوونە .
6-پێشبڕكێ لەگەڵ یەكێك لە هاوڕێیانی خۆی و رەغبەتێكی بەهێز بۆ سەركەوتن بەسەریدا.
7- ئەگەر وابیر بكەیتەوە كە تۆ شتەكانت بیر چووە كە خوێندووتە لەماوەی ساڵی خوێندندا.
چۆن رزگارت دەبێ لە ترس ؟
1- ئەگەر تۆ لەوە دەترسی كە هەندێ شتت بیر چووەتەوە ئەوا دوو دڵ مەبە چونكە ئەوە تەنها خەیاڵە . یان بیر چوونەوەیەكی كاتییە . چونكە هەموو ئەوانەی كەفێری بووی لەناو مێشكتدا تۆماركراوە بەتایبەتی ئەگەر تۆ پەیڕەوی یاساو ڕێنمایی یەكانی خوێندن بیت بەتەواوی . ئەگەر تۆ داوای زانیاریت لێ كرا ئەوە پێویستی بە نیگەرانی نییە چونكە هەندێ جار كاتێكی كەمی دەوێت تاوەكو فەرمانت دەدرێتە دەست بۆ داڕشتنی.
2- بەڵام ئەگەر دڵەڕاوكێ لە ئەنجامی گرانی پرسیارەكان و جۆرەكانی بوو وا لەمێشكی خۆت دابنێ كە ئەو پرسیارانە لەلایەن لیژنەی پسپۆر داندراوە كە پرسیارەكان دادەنێن بە گوێرەی ئاستی زانستی قوتابیان بە شێوەیەكی مام ناوەندی .
3- ئەوە بەبیر خۆت بێنەوە كەتۆ دەوامت كردووە و ئامادەبووی لەسەرەتای ساڵی خوێندن و گفتوگۆت كردووە لەگەڵ مامۆستاكەت لە پۆلەكەتدا و باشت خوێندووە بە شێوەیەكی ڕێك و پێك و هەڵساوی بە ئەنجامدانی ئەو شتە پێویستانەی كە لەسەرت ئەرك بووە ... كەواتە تۆ ئامادەی و خۆت ئامادەكردووە بۆ تاقیكردنەوە بە درێژایی ساڵ بەتەواوی و نەك تەنها لەماوەیەكی كەمی تاقیكردنەوە .
4- پێویستە كە كەمی بڕوابوون لەبەرچاو بگری و هەست بە لێپرسراویەتی بكەیت . پێویستە بزانی كە تۆ قوتابی و توانای بیركردنەوەی زۆرت هەیە هەروەك زۆربەی زۆری هاوڕێیانت، چونكە لەدەستدانی بڕوا بەخۆ بوون بەشێوەیەكی خراپ دەشكێتەوە بەسەرتداو كار دەكاتە شێوازی وەڵام دانەوت لە تاقیكردنەودا و هەروەها كار دەكاتە سەر ئاستی زانستیت .
5- پێویستە بزانی كە ئەو كاتەی بۆت تەرخان كراوە لە تاقیكردنەوە كەم نیە و زۆرە بۆ وەڵام دانەوەی هەموو پرسیارەكان.
6- دەبێ باوەڕت بەوە هەبێت ئەگەر یەكێك لە هاوڕێكانت لەتۆ زیرەك ترە یان بەتوانا ترە ئەوە شتێكی ئاساییە و لەوانەیە تۆ لە چەند بوارێكی تر لەو بەتواناترو بەبەهرە تربی .
7- پێویستە قوتابی تەركیز لەسەر خاڵە بەهێزەكانی خۆی بكات پێش چوونە ناو هۆڵی تاقیكردنەوە و دڵنیابێت لەوەی توانای بڕوا بەخۆبوونی زۆرەو دەتوانێ سەركەوێ لە تاقیكردنەوەدا .
|