باوكان و گرفتی كەمتوانایی فێربوونی منداڵەكانیان
خالید ئیبراهیم
یەكێك لەو گرفتانەی كە زۆربەی باوانی منداڵان نیگەران دەكات، گرفتی كەمتوانایی فێربوونی منداڵە، هۆكارگەلێكی زۆرهەن دەبنە هۆی شكست و دواكەوتنی منداڵ لەخوێندندا، كەمتوانایی فێربوون هۆكارێكی تایبەت و كاریگەرە لەو هۆكارانە، هۆشی منداڵان كە گرفتی فێربوونیان هەیە ئاساییە، ئەو منداڵانە زۆر بەگوڕو تینەوە هەوڵ دەدەن، تاكو پەیڕەوی بەرنامەكانی فێربوون بكەن، هەروەها هۆشیان چڕبكەنەوە تاكوبەباشی لەماڵ و قوتابخانە ڕەفتاربكەن، بەڵام مخابن سەرەڕای ئەو هەوڵ و كۆششە بەردەوامەیان هێشتا بۆ بەجێهێنانی ئەركەكانی قوتابخانە سەركەوتوونین و رووبەڕووی شكست دەبنەوە، لە 10 كەس كەسێك لەفێربووندا كەمتوانایە، ئەمڕۆ توێژینەوەكان گەیشتوونە ئەو ئەنجامەی كە كەمتوانایی لەفێربووندا گرفتەكەی كۆئەندامی دەمارە كە كاریگەری لەسەر پڕۆسەی وەرگرتن و هەڵگرتن و دانەوەی زانیاری هەیە و زۆر خێزانی گرفتار كردووە، هەندێ لەمنداڵانی كەمتوانای فێربون سەرەڕای ئەو كێشەیەیان بزێویشن، بەشێوەیەك كەناتوانن بەئارامی لەسەر كورسی دابنیشن، هاوكات بەئاسانیش هۆشیان پەرت دەبێت و ئاستی سەرنجدان و ووردبونەوەیان زۆرنزمە، پزیشكانی دەروونی منداڵ و هەرزەكار لەو باوەڕەدان كەگرفتی كەمتوانایی فێربوون لەمنداڵدا بەو مەرجەی لەكاتی خۆیدا دیاری بكرێت دەتوانرێن چارەسەرو دەرمانی بۆدابنرێت، هەرچەندە لەئایندەدا كێشەی كەمتوانایی فێربوون دەتوانێت گرفتی زۆربۆمنداڵ دروست بكات بۆ نموونە ئەو منداڵەی كە ناتوانێت كرداری كۆكردنەوە بەتەواوی فێربێت ئەوا لەئایندەدا توانای شیكاركردنی بڕە جەبریەكان نابێت و دەبێت بەگرفت بۆی، ئەو قوتابیانەی كەكەمتوانان لەفێربووندا زۆر بەجدی هەوڵدەدەن بابەتی وانەكان فێربن، بەڵام سەرەنجام سەركەوتوو نابن و ئەمەش پەلدەكێشن بۆسەرهەڵدان و دووچاربوونی بەزۆرگرفتی تری سۆزداری ببنەوە لەوانە لاوازی باوەڕ بەخۆبوون، بەشێكی تر لەو منداڵانەی كەدووچاری گرفتی كەمتوانایی فێربوون بوون پەلكێشی شەڕەنگێزی و بەدڕەفتاری دەبنەوە تاكو زیاتر وەك منداڵێكی شەڕەنگێز بناسرێن نەك لاوازو تەمبەڵ، بۆیە واپێویست دەكات باوان و مامۆستایانی منداڵ شارەزاییان دەربارەی نیشانە سەرەتایی و ئاماژەكانی كەمتوانای فێربوون هەبێت لەمنداڵاندا، لەگرنگترین نیشانەو ئاماژە سەرەتایی و دیارەكانی كەمتوانایی فێربوون ئەمانەن:
1- زۆربەزەحمەت بابەتەكان فێردەبێت .
2- ئەوەی فێری دەبێت بەزەحمەت دێتەوە یادی .
3- بۆئەنجامدانی ئەركەكانی خوێندن و بەدەست هێنانی كارامەیی لەخوێندنەوەو نوسین و بیركاری و داڕشتن و ڕێنووس هەمیشە لەشكستدایە .
4- بەزەحمەت دەتوانێت لای ڕاست و چەپی وشەكان بناسێت و دیاریان بكات، پێت و وشەو ژمارەكان بەشێوەی پێچەوانە یاخود هەڵگەڕاوە دەنوسێت بۆ نمونە ئەگەربیەوێت بنووسێت 25 دەنووسێت 52 .
5- لەڕێی ڕۆیشتنداو ئەنجامدانی جوڵە جەستەییەكان و توندكردنی قەیتانی پێڵاو گرتنی پێنووس هاوسەنگی و هەماهەنگی نییە.
6- زۆر بەسانایی كتێب و دەفتەرو باقی كەل و پەلەكانی خوێندنی ون دەكات و یا لەشوێنی تایبەت داینانێت.
7- بەشێكیان چەمكی ماوەو كات تێناگات و لەبەكارهێنانی زاراوەگەلی (دوێنێ، ئەمڕۆ، سبەینێ) دووچاری هەڵەو تێكەڵكردن دەبێت .
لەكاتی دەركەوتنی ئەو جۆرە نیشانانەدا پێویستە سەردانی پزیشكێكی دەروونی منداڵ و هەرزەكار بكەی تاكوپشكنینێكی ورد و گشتی بۆ منداڵەكەت بكات ئەزموونی خوێندن و نوسینی منداڵەكە دیاریبكات كە ئایا منداڵەكەت دووچاری گرفتی كەمتوانایی فێربوون بووە یا نا؟، ئەو پشكنینە وەرگرتنی زانیاری مامۆستاو هەموو ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە سەرو كاریان لەگەڵ منداڵەكەدا هەیە لەگەڵ هەلومەرج و ئاستی بژێوی خێزانەكەو ئاستی فێربوونی ئەو كاتەی منداڵەكە لەخۆدەگرێت، دوای هەڵسەنگاندنی هەموو ئەو زانیاریانە پزیشكی دەروونی شوێنی فێربوونی منداڵەكە دیاری دەكات و پێویستیەكانی فێركردن و پاڵپشتی و توانا پێبەخشینی روون دەكاتەوە، هەروەها دایك و باوكیش رێنمایی دەكات تاكو بە چ شێوەیەك هاوكاری منداڵەكەیان بكەن، بۆ ئەوەی زۆرترین توانا وەربگرێت بۆ فێربوون، زۆرجاریش چارەسەری دەروونپزیشكەكان بۆ ئەومنداڵانە دەرمانی پێویست لەخۆدەگرێت بۆ هاوسەنگ كردنی بزێوی، پشێوی و هۆش پەرتی منداڵەكە، لەوكاتانەدا گەشەپێدان و بەهێزكردنی باوەڕبەخۆبوونی منداڵ زۆر پێویستە بە كۆمەككردنی بۆ گەشەیەكی تەندروست، پزیشكی دەروونی منداڵ و هەرزەكار دەتوانێت ئێوەی خێزان هاوكاری بكات تاكو واقیعیەتی ژیانی منداڵی كەمتوانای فێربوون بناسن و تێبگەن و ئاسودەتر مامەڵەی لەگەڵدابكەن .

سەرچاوە /ماهنامە تعلیم و تربیت استپنائی
AMERICAN ACADEMY OF CHILD & ADOLESCENT PSYCHIATRY
FACT FOR FAMILIES CHILDREN WITH LEARNING DISABLITIES
مامۆستای پەروەردەی تایبەت
قوتابخانەی پشدەری خوێندنی خێرا