دیاریی فەرمانبەران لەبۆنەكاندا بۆ یەكتری
نادیە شەریف
بێگومان لەگەڵ تێكەڵبوونی تاك بە كۆمەڵگە، بەهۆی كاركردن و دەوام كردن لە دامودەزگا و قوتابخانەكان مامەڵەكردن لەو چەند كاتژمێرەی كاردا ئاشنایەتی و یەكتر ناسین لەگەڵ هاوپیشەكاندا روودەدات، یان پەیوەندییەكی هاوڕێیەتی بگرە لەهاوڕێش نزیكتر، كە هەندێكجار ئەو پەیوندییە پتەوتر دەبێ و دەبێتە پەیوەندییەكی كۆمەڵایەتی و هاتووچۆی خێزانی پەیدا دەبێ بەشێوەیەكی گشتی ئەو هاوپیشەییە وا دەكات رۆحی تەبایی و خۆشەویستی لەنێوان هاوكاران دروست ببێ تا ئەو ئاستەی بەشداری لەخۆشی و ناخۆشیەكانی یەكتر دەگەیەنێ، زۆرجار بەسەركردنەوە كە بەكڕینی دیارییەك دەبێ بەهاوبەشی هەمووان بۆ یەكێك لەهاوكارانیان لە بۆنەیەكی تایبەتیدا.
ئەو دیاردەیە زیاتر لەنێوان چینی مامۆستایان بەدی دەكرێ و بۆتە نەریتێك لەنێوان مامۆستایان، وای لێهاتووە مانگی دوو سێ جار پارە كۆ دەكرێـتەوە بەمەبەستی كڕینی دیاری بۆ مامۆستایان، هەر مانگە و نۆرەی یەكێك دەبێ، چونكە وای لێهاتووە ئەو سنوورەیان تەواو بەزاندووە، بەوەی لەخودی كەسەكە چۆتە دەرێ، ئەو حاڵەتە بۆ ئەو كەسانە دەبێ كە خاوەن مەسەلەكە خودی خۆی بێ نەوەك كەسی دووەم و سێیەمی خێزانەكەی، بۆیە بۆنەكان زۆر بوونە ئەمڕۆ پارە كۆدەكەنەوە بۆ كڕینی دیاری بۆ كچی بەڕێوەبەر لەزانكۆ دەرچووە، ئەمڕۆ كوڕی فلان مامۆستا ژنی هێناوە. فلان كەس خەسووی لەحەج یان عەمرە گەڕاوەتەوە، ئەمڕۆ كچی یاریدەدەر منداڵی بووە. فڵان كەس خانووی كردووە، تەنانەت نۆژەنكردنەوە و دەست پیاهێنانی خانووش بۆتە بۆنە ویادكردنەوە و دیاری بردنەوە.
دووبارە بوونەوەی ئەو پارە كۆكردنەوەیە زۆرجار چرپەچرپ و نارەحەتیەك لەنێوان هاوپیشەكان دروست دەكات، هەڵوەستەیەك روودەدات لەلایەن ئەو كەسەی داوای پارەی لێدەكرێت و زۆر بەگران و نا بەدڵی دەست بۆ جانتای پارەكەی دەبات ئەویش نیشانەی ناڕەزایی و بڕوا نەبوونە بە مەسەلەكە لەلایەك و ناهاوسەنگی و لەنگی باری دارایی و پارەی گیرفانیش لەلایەكی دیكە، جگە لەوەش هەست كردن بەكارێك ئەنجامدانی پێویست نەبێ و بەناچاری بیكەی كارێكی ناخۆشە، بەڵام زۆرجار ئەو كەسانە بێدەنگی لەمەسەلەكە دەكەن بۆ ئەوەی نەبنەمایەی كەسێكی یاخی بوو یان سەیركردنی بەچاوی ئەوەی كەم دەرامەتە یاخود رەزیلە.
ئەو بە نەهێشتنی ئەو دیاردەیە پێویستی بەیەك قسە و یەكدەستی هەیە، نەك تاكە كەسی ئەو كەسەی بەو كارە هەڵدەستێ، دەبێ رەچاوی ناخۆشی و هەست برینداركردنی كەسانی تری ئەو شوێنانە و شوێنی گشتی و هەموو چین و توێژێكی تێدابێت، پێویستە بۆنەكان چڕ بكرێنەوە بۆ تەنیا خودی ئەو كەسە خۆی كە ئەندامە لەو دەستەیە، یان كارمەندە لەو بەشە كە ئەویش بۆنەیەكی وابێ كە پێویستی بەپشتگیری زەرەرمەند یان لەكاتی خۆشی ژنهێنان، مێردكردن، سەركەوتن و دەرچوون بۆ پیرۆزبایی و رێزلێنان و بەشداری كردنی خۆشی ئەو كەسە، بەمەرجی ئەو كارە كاریگەری لەسەر داهات و خەرجی ئەوانی تر نەكات، واش باشە هەر كەس بەپێی داهات و دەرامەتی خۆی بەشداری بكات ئەگەر بكرێ كە بزانی ئەوانەی مووچەیان كەمتر و خەرجیان زۆرترە داوایان لێنەكەن بێ ئەوەی ئەو كەسە پێی بزانێ، سەرەڕای ئە